ڕێکخراوێکی ژینگەیی کوردستان: لە دەربەندیخان یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگە جێبەجێ ناکرێت

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سروشتی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا هەڵمەتی فراوانمان دەست پێ کرد دژی ئەوانەی ژینگەی کوردستان دەشێوێن. بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لە خاوەن کارەکان، دووبارە دەستەڵات ڕێگەی پێیان داوە و کار لە کارگەکانی بەردهاڕین و کانەبەردەکانی دەربەندیخان کراوەتەوە.
چوارشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2024، سەروەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی ساڵانێکی زۆرە ئەو کانانەی کە کاریان دەرهێنانی بەردە و لەو ناوچەیە کار دەکەن، بەدەر لە یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان، لای خۆمانەوە ئێمەش پێمان سەیرە، چۆن بەدەر لە یاسا و ڕێنمایی ژینگە و پاراستن و چاکردنی ژینگەی دارستان لە ساڵی 2008 ئەو کانانە مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە؟.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "لە ماوەکانی ڕابردوودا هەڵمەتی فراوانمان دەست پێ کرد و لەگەڵ داواکاری گشتیدا کۆبووینەوە و چالاکیشمان لە دەربەندیخان کرد. ئەوەبوو کانە بەردەکان ڕاگیران بەشێوەیەکی کاتی، بەپێی نووسراوەی کە داواکاری گشتی کردوویەتی، دەڵێت، "سەرجەم ئەو کانانە دەبێت ڕابگیرێن، تاکوو نوێنەری یاسایی فەرمانگەی ژینگەیی سلێمانی دێتە ناو ئەم کەیسەوە، نابێت ئەو کانانە کاریان تێدا بکرێت".
ئەو بەڕیوەبەرە دەڵێت، "بەشێک لەو خاوەن کارەکان، دووبارە دەسەڵات ڕێگەی پێیان داوە و ئەمڕۆ دەستیان بەکار کردووەتەوە، بۆ ماوەی 40 ڕۆژ تاکو ئەو بەردانەی ئەوان لە ماوەکانی ڕابردوودا دەریان هێنابوو، ئامادە بکەن".
دەشڵێت، "ئێمە ڕوومان لە داواکاری گشتییە و پرسیاری ئەوەمان لا دروست بووە کە ئایا بڕیاری ڕاگرتنی ئەم کانانەی دا، پاڵپشت بە چ ڕێنماییەک و یاساییەک بڕیاری ڕاگرتنی دا؟ ئایا ئەو یاسا و ڕێنماییە کە ئەو پاڵپشت بووە بۆ ڕاگرتنیان جێبەجێ کراوە؟ ئەوە پرسیاری ئێمەیە وەکو ڕێکخراوەکان، ئەوانەی کانەکانیش تاکو ئێستە بەردەوامن لە شوێنێ کارکردنی خۆیاندا، ئایا تەنیا بۆ ئەو بابەتەیە کە تەنیا ئەو بەردانەی لەوێیە هەڵی دەگرنەوە؟ چ جۆرە چاودێرییەک هەیە بۆ ئەوەی ئەوان لەوە زیاتر دەستدرێژیی نەکەنە سەر چیاکە و تووشی داڕمانی نەکەن، ئەو درەخت و پووش و پاوانەی لەوێ هەیە لەناوی نەبەن؟ بۆ ڕێگەیان پێ دراوە؟ هەروەها تا ئێستە ئەو یاسا و ڕێنماییە ژینگەییانە جێبەجێ نەکراوە، ئێمەش داوای جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی ژینگەمان کردووە".
سەروەر قەرەداغی گوتی، "من دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە وەکو ڕێکخراوی ژینگەی کوردستان، پارێزەرانی ژینگە و چالاکوانی ژینگە لەو بوارە، ئێمە دژی بەرژەوەندی ئابووریی ئەم وڵاتە نین، بەڵام دژی ئەوەین کاتێک ئابووری لە سەرەوەیە، بابەتی ژینگە و ئیکۆلۆجیش لەخوارەوەیە، بۆیە دەبێت ئابووری و ژینگە هەردووکی پێکەوە هاوتەریب هەنگاو بنێن، نەک ئەوەی کە جودابن لەیەک وەک لەوەی ئێستە هەیە و ئێمەی نیگەران کردووە".
هەروەها "دژی ئەوەش نین کە کانە بەردەکان کار نەکەن، کانە بەردەکان کاری خۆیان بکەن، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە ژینگەییەکان کە هەموو یاساکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون و یاسای زۆر باشن. بۆیە داوای ئەوەمان هەیە یاساکان جێبەجێ بکرێن، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەش دەکەوێتە سەر دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکوومەت و دەسەلاتی دادوەری، ئەگەر هەر سەرپێچییەک هەیە، ڕۆڵی داواکاری گشتییە کە ئەوە ڕابگرێت، نەک پێچەوانەکەی".
"ئێمە وەکو ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، نیگەرانی و ناڕەزایی خۆمان دەرهەق بەو بڕیارەی دووبارە دەست بە کارکردنەوە لەناو کانە بەردەکان، دەردەبڕین، هەروەها دووپات لەسەر ئەو هەڵوێست و پەیامانەی ڕابردوومان دەکەینەوە، تایبەت بە کانەکان، هەروەها قایمقامی دەربەندیخان بە بەرپرسی یەکەم دەزانین لە تەواوی ئەو پێشێلکاریی و دەستدرێژییانەی دەکرێتە ژینگەی ناوچەکە. چونکە دەسەڵاتی هەیە بۆ مۆڵەت پێنەدان و ڕاگرتن و سزادانی ئەو کەسانەی بەناوی کانی بەرد و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژینگە و سروشتی ناوچەکە". سەروەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سروشتی ژینگەی کوردستان، وا دەڵێت.
نووسراوی بەڕێوەبەرەی ڕێکخراوی سروشتی ژینگەیی کە داواکارییەکانی ئاڕاستەی قایمقامی دەربەندیخانی کردووە؛