چێودارێکی قامشلۆ: ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار

لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژنی قوربان، نرخی ئاژەڵی قوربانی لە مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی قامشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەرز بووەتەوە.
هەردوو لایەنەکەی بازاڕی ئاژەڵفرۆشان لە دۆخەکە ناڕازین و دەڵێن: ساڵانە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان جۆش و خرۆش دەکەوێتە بازاڕی ئاژەڵفرۆشان، بەڵام خراپی دۆخی ئابووری و گرانیی نرخی جموجووڵی بازاڕی سست کردووە.
ئەحمەد حەربی، چێودارە و دەڵێت: "33 ساڵە کڕین و فرۆشتنەوەی ئاژەڵان دەکەم، پێشتر لە مەیدانی ئاژەڵانی زەنداڤ بووم و ئێستاش لە مەیدانی ئاەڵانی جومعەین و لێرە هاوینان ڕێگەکان دادەخرێن و بازاڕەکەش زۆر وێران و بێ خزمەتگوزارییە، لەگەڵ ئەمەشدا نرخی ئاژەڵەکان زۆر بەرزە و خەڵکیش بێ پارەیە و ناتوانن هیچ بکڕن، هەر سەر ئاژەڵێکی بچووک لە 25 ملیۆن لیرە دەست پێ دەکات، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆکاری سست بوونی بازاڕەکە".
هەروەها سابر محەممەد چێودارێکی دیکەیە و دەڵێ "جیاوازی لە نێوان نرخی ئاژەڵان بۆ ئەم ساڵ و پار زۆرە، جیاوازییەکانی نرخ لە هەر ئاژەڵێکدا بە نزیکەی چوار بۆ پێنج ملیۆن لیرەیە، بەمەش جموجووڵی بازاڕ سست بووە".
بە گوتەی چێودارانی مەیدانەکەی قامشلۆ، بەشێکی زۆر لە کڕیارانی بازاڕەکە ئەوانەن کە کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات پارەیان بۆ دەنێرێتەوە، چونکە خەڵکەکە بە گشتیی باری داراییان خراپە.
عەبد ئەلفەتاح حسێن دەڵێ "ئەو مەڕەی ساڵی ڕابردوو بە دوو ملیۆن لیرە دەفرۆشرا، ئەم ساڵ بووەتە پێنج ملیۆن لیرە، هەربۆیە قوربانیکردن لە توانای هەموو کەسێکدا نەماوە، وای لێهاتووە بڵێین ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار، چونکە نرخی هەموو پێویستییەکان لە بەرزبوونەوەیە و هیچ شتێکی هەرزان نەماوە".
هەموو ساڵیک هاووڵاتییانی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ تەواوی موسڵمانانی جیهان بەر لە جەژنی قوربان ئامادەکاریی تایبەت بە ڕێوڕەسمی جەژنەکە دەکەن، لە نێویشیاندا قوربانیکردنی ئاژەڵان، بەڵام ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو خواستی هاووڵاتییان لە سەر قوربانیکردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە.