کوشتارگەی هەولێر: ئاژەڵەکان لە کوشتارگە سەرببڕن

کوشتارگەی هەولێر
کوشتارگەی هەولێر

بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین تەنیا لە کوشتارگەدا ئاژەڵ سەرببڕن  نەک لە ماڵ و نێو کۆڵان.

شەممە، 15ـی حوزەیرانی 2024، د. ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرچوار ڕۆژی جەژنی قوربان لە کاتژمێر شەشی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە، ئێمە لە کوشتارگە کار دەکەین و لە خزمەت هاووڵاتییانین، ئەگەر پێویستیشی کرد کاتەکە زیاتر دەکەین.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، "ئەو ستافەی کوشتارگە، ستافێکی تۆکمەیە، هەر چەند ئاژەڵ بێت بۆ کوشتارگە، ئێمە کێشەمان نابێت لە سەربڕینیان. هەروەها بۆ هەر ئاژەڵێکیش دوو پشکنین دەکەین، یەکێکیان پێش سەربڕینی ئاژەڵەکە ئەوی دیکەش دوای سەربڕین بۆی دەکرێت، لەلایەن ستافێکی پزیشکییەوە".

دەشڵێت: "وەزارەتی تەندروستیش لای خۆیەوە چەند ڕێنماییەکی دەرکردبوو بۆ هاووڵاتییان، ئێمەش داوا دەکەین کە هاووڵاتییان پابەند بن هیچ ئاژەڵێک بەبێ پشکنین سەر نەبڕن. داواش دەکەین یەک کەس بۆ سەر بڕێنی ئاژەڵ بێتە کوشتارگە و قەرەباڵەغی دروست نەکەن، چونکە دەبێتە هۆی فشارێکی زۆر لەسەر ئێمە. لە بەر ساردکەرەوەکانیش با کێشەمان بۆ دروست نەبێت و گەرمایەکی زۆریشە، بەتایبەت لە ئێستە کە مەترسی تای خوێنبەربوونیش هەیە".

"ڕێنماییمان داوە بە ڕاگەیاندنەکان بۆ ئەوەی تا دەتوانن هاووڵاتییان ئاگادار بکەنەوە ئاژەڵەکان بێننە کوشتارگە، بەهیچ شێوەیەک نابێت ئاژەڵ لە ماڵ یان کۆڵان سەر ببردرێ". د. ئەرسەلان جەلال وای گوت.

Fly Erbil Advertisment