سۆران.. ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کراوە

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەکاریی تەواو بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کراوە. خاوەن هۆتێلێکیش دەڵێت، هۆتێلەکانی ناوچەکە، ڕەچاوی بارودۆخی دارایی گەشتیارانیان کردووە و نرخی مانەوەیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، ڕۆژی شەممە، 15-06-2024، ڕۆژێک پێش جەژنی قوربان، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، واتا سنووری هەر شەش قەزای مێرگەسۆر، خەلیفان، سیدەکان، قەزای ناوەندیی سۆران، ڕواندز و چۆمان.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربان، زیاتر لە 25 هەزار گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق و شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زیاتر بەرز ببێتەوە.
عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، خاوەنی یەکێک لە هۆتێلەکانی قەزای ناوەندیی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆتێلەکەیان توانای پێشوازیی لە نزیکەی 200 گەشتیار هەیە، بەڵام پێش جەژنی قوربان، هەموو ژوورەکان لەلایەن گەشتیارانەوە گیراون "حیجزکراون"، وەکو خۆی گوتی، ئێستا لە هۆتێلەکەیان و هۆتێلەکانی دیکەی سنووری سۆران، بەهۆی زۆریی ژمارەی گەشتیاران، جێگە نەماوە.
عەبدوڵڵا ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش کرد، لە هۆتێلەکەیان و هەموو هۆتێلەکانی دیکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تەواوی پێدوایستییەکان بۆ گەشتیاران دابین کراون و لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراوی وەکوو ئاگرکەوتنەوەش؛ دەرچە، سیستەمی ئاگادارکردنەوە و ئاوپرژێن دابین کراون تاوەکوو ژیانی گەشتیاران سەلامەت بێت.
هۆتێلەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەکو ناوبراو باسی کرد، ڕەچاوی بارودۆخی دارایی گەشتیارانیان کردووە و نرخی مانەوەیان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە؛ "زۆرینەی هۆتێلەکان تەنها 20 هەزار دینار لە هەر گەشتیارێک وەردەگرن لە بەرامبەر مانەوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لەگەڵ دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان".
هاوکات موحسین تەحسین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە گوێرەی ئەو پلانەی بۆ هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان دانراوە، لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری سۆران، ئۆتۆمبێلی تایبەت، پۆلیسی هاتوچۆ و مەفرەزەی تایبەتیان دەبێت.
موحسین تەحسین ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەر ناوچەیەکی گەشتیاری، ئەفسەرێکی ئێشکگر و ژمارەیەک پۆلیسی هاتوچۆ دانراون و سەرپەرشتیی ناوچەکە دەکەن. ئەگەر لە شوێنێک قەرەباڵغیی هاتوچۆ دروست بوو، دەچنە شوێنەکە و کارئاسانیی تەواو بۆ گەشتیاران دەکەن.