ململانێی عەشایەری لە نەجەف؛ سێ خانوو سووتاون و قوربانی هەیە

K24 – هەولێر:
لە ئەنجامی ململانێی دوو عەشیرەتی ناحیەی حەیدەرییەی پارێزگای نەجەف، تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و برینداربوونە و هێزێکی زۆری ئەمنیش گەیشتوونەتە ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی.
چوارشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2024، پەیامنێری کوردستان24 لە نەجەف، ڕایگەیاند: هێزێکی زۆر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و پشتێنەیەکی ئەمنییان لە ناحییەی حەیدەرییەی سەر بە پارێزگای نەجەف دروست کردووە، کە بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، بە لایەنی کەمەوە دوو کەس کوژراون و ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش برینداربوونە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقیەکانی ڕاگەیاندووە: دوای ئەوەی یەکێک لە عەشیرەتەکان کە کەسێکیان لێ کوژراوە، هێرشیان کردووەتە سەر عەشیرەتەکەی دیکە و سێ خانوویان سووتاندووە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندی چەکداریی لە نێوانیاندا دروست بووە.
هەروەها لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی خانووەکانیان، جارێکی دیکە دەستڕێژی گوللـە کراوەتە سەر ئەو عەشیرەتە و بەپێی زانیارییەکانی چەکی مامناوەند لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بەکارهاتووە.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە ئاشکرای کردووە: دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوونە لەوکاتەی هەوڵیانداوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان دوو عەشیرەتەکەی ناحیەی حەیدەرییە.
ناحیەی حەیدەرییە دەکەوێتە باکووری پارێزگای نەجەف و 180 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغداوە دوورە.