لە بازیان پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵ کراوەتە کارگە و کۆگا

بازیان یەكێكە لە ناوچە كشتوكاڵیەكان كە بەهۆی فراوانی و بەپیتی خاکەکەی نەك تەنها لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڵكو لەسەر ئاستی عێراقیش بەشێک لە خواستی پڕکردووەتەوە، بەڵام لەدوای ساڵی 2005ەوە تا ئێستە بەردەوام زەوی کشتوکاڵیی بۆ کارگە و کۆگا و مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت، بەشێوەیەک کە نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کراوە بە کۆگا و گەراج.
خاکی بازیان یەکێکە لە خاکە بەپیت و بەرەتەکانی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی چوار وەرزە كاتێك لە ئاسمانەوە سەیری بازیان دەكەیت تاچاوپڕكات ئەو خانووە پلاستیكیانە دەبینیت كە بەرهەمی هەمەچەشنەیان تێدا چێنراوە.
بەشێك لە خانووە پلاستیكیەكانیش شەتڵیان تێدا بەرهەم دەهێنرێت.فراوانبوونی كارگە پیشەسازیەكانیش كاریگەری هەیە.
تەحسین موحسین، ئەندازیاری كشتوكاڵی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، جێگەی داخە ماوەی چەند ساڵێکە لە ناوچەیەکی کشتوکاڵییەوە خەریکە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کشتوکاڵ دروستکردووە، بۆ نموونە؛ بچووکترین شت دووکەڵی کارگەکان لایلۆنەکانی ئێمە تەڵخ دەکات ئەمەش کێشەی زۆر دەنێتەوە لەڕووی بەرهەمهێنانی و کوالێتی بەرهەمەکە.
لەساڵی 2005 تاكو ئێستا چەندین كارگەی گەورەو بچووك لە قەزای بازیان دروست كراون، مۆڵەتیش بە هەشت كارگەی چیمەنتۆ دراوە، تاكو ئێستا چوار كارگەیان لە سنوورەكە كەوتونەتە كار، بەشێك لە كارگەكانیش بەشێوەی نایاسایی، ڕووبەرێكی بەرفراوانی زەویە كشتوكاڵیان بەكارهێناوە، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبونەوەی ڕێژەی زەوی کشتوکاڵی هەبووە.
زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان دەڵێت، "ئەوکارگانە کاریگەری زۆریان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە، ساڵی 2022 داتایەکم وەرگرت، نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی ئەم کارگانەوە ڕۆشتووە، جگە لە کە دەبێت خۆیان لەسنووری دەرەوەی ئێرە وەبەرهێنان لە کارگەکانیان بکەن، بەڵام پێنج هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیان بردووە لەدەرەوەی یاسا لەگەڵ جووتیارەکان ڕێککەوتوون، کڕیویانەتەوە و بۆ پیشەسازی بەکاری دەهێنن.
بەپێی داتاکانی ئیدارەی بازیان، ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی لە قەزاکە نزیکەی 53 هەزار دۆنمە، لەو ڕووبەرەش 15 هەزار و 913 دۆنمی زەوی دێمە و 42 هەزار و 915 دۆنمیشی زەوی بەرئاوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 16 هەزار خانوی پلاستیکی لە سنوری قەزاکەدا هەن کە چوار وەرزە بەرهەمی کشتوکاڵییان هەیە، کە دەکاتە %40ی کۆی خانوە پلاستیکییەکانی کوردستان، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر کەمبونەوەی ڕێژەی زەوی کشتوکاڵی هەبووە.