ماسی هەرزان بووە

21ی حوزەیران، جارێکی دیكە ڕاوی ماسی لە رووبار و چۆم و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکرێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی ئازادکردنەوەی ڕاوی ماسی، نرخی ماسی لە بازار هەرزانتر ببێت، چونکە لە چوار مانگی ڕابردوو نرخی هەر کیلۆیەک ماسی نزیکەی سەدا 40 بەرز بووەوە.

بەڕاورد بە چوار مانگی ڕابردوو، نرخی ماسی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی سەدا 40 بەرز بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی هاتنی قەدەغەی ڕاوی ماسی هەندێ لە نرخەکەی هاتووەتە خوارەوە. ئێستا لە دووکانەکانی فرۆشتنی ماسی نرخی هەر کیلۆیەک ماسی بە برژاوی لە نێوان 9 بۆ 10 هەزار دینارە. لە ماوەکانی ڕابردوو ئەو نرخە تاوەکو 11 بۆ 12 هەزار دینار بەرز بووەوە.

فرۆشیارانی ماسی پێشبینی دەکەن لەگەڵ کۆتایی هاتنی قەدەغەی ڕاوی ماسی نرخی ماسی زیاتر دابەزێت، چونکە ماسی ڕووبار و دەریاچەکان بەشێک لە پێداویستی ناوخۆیی پڕ دەکاتەوە .

ئەم ساڵ سەرەتای مانگی ئادار وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی ڕاوی ماسی لە ڕووبار و چۆم و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بریاڕ وابوو ناوەڕاستی ئەم مانگە قەدەغەی ڕاو کۆتایی پێ بێت و ڕاوچییانی ماسی دەست بەڕاوکردن بکەنەو؛ بەڵام بە بڕیارێک وادەکە پێنج ڕۆژ درێژ کرایەوە بۆ 21ی حوزەیران.

لەماوەی قەدەغەی ڕاوی ماسی ئەم ساڵدا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەرین، زیاتر لە 60 هاووڵاتی دەستگیر کردووە کە سەرپێچیان کردووە و لە دەریاچەکە ڕاویان کردووە.

 

Fly Erbil Advertisment