چوار حاجیی هەرێمی کوردستان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان سپارد

چوار حاجیی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان سپارد و بارودۆخی تەندروستیی حاجییەکی دیکەش ناجێگیرە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە، 22-06-2024، چوار حاجیی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان، لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕومادییەوە بۆ سلێمانی، گیانیان سپارد. گوتیشی، حاجییەکی دیکە، بە ناوی "شیرین ڕەزا عابد" بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
ناو و زانیاریی ئەو حاجییانەی گیانیان سپاردووە:
ژمارە | ناوی سییانی حاجی | ساڵی لە دایکبوون | شوێنی نیشتەجێبوون |
1 | جاسم حەسەن حوسێن | 1977 | سلێمانی |
2 | مستەفا حەسەن فەرەج | 1992 | سلێمانی |
3 | نەعیمە عوسمان حوسێن | 1967 | سلێمانی |
4 | تانیا کامیل کاکەبرا | 1996 | سلێمانی |
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هەر پێنج حاجییەکە دانیشتووی شاری سلێمانی بوون و ئۆتۆمبێلەکەیان بەهۆی تەقینی تایەیەکی وەرگەڕاوە. ڕوونیشی کردەوە، حاجییەکان بە ڤیزای گەشتیاریی چوونەتە سعوودییە، نەک لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە.
کاروان ستوونی، ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ئەنبار بۆ هێنانەوەی تەرمی قوربانیان و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییەکی پێویست بۆ ئەو حاجییەی لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.

هاوکات وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا، پاسێکی هەڵگری حاجییانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی نێوان مەککە بۆ مەدینە، لە ئەنجامی تەقینی یەکێک لە تایەکانی خۆی کێشاوە بەبەربەستی نێوان شەقام، "بەڵام سوپاس بۆ خوا هەموو حاجییان سەلامەتن و بە پاسێکی یەدەگ ئێستا بە رێگاوەن بۆ کوردستانی ئازیز".
ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودییە، بە کوردستان24ـی گوت، "تا ئێستە 25 حاجیی هەرێمی کوردستان لە سعودییە گیانیان سپاردووە. لەو ژمارەیە تەنیا یەک کەسیان، بە ڕێکاری فەرمی چووەتە حەج و ئەوانی دیکە بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە مەککە و مەدینە".
ڕۆژگار جەعفەر، دووپاتی کردەوە ئەو حاجییانەی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمەوە چوونەتە سعوودییە تیمی پزیشکییان لەگەڵدا نێردرابوون و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین کرابوو، بەڵام ئەوانەی بە ڤیزای گەشتیاری چووبوون، بەهۆی نەبوونی خواردن و ئاو و خزمەتگوزاریی پزیشکی، گیانیان سپاردووە.
بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.