ئاگر لە سنووری حەوت گوندی باکووری کوردستان کەوتەوە

ئاگر لە سنووری گوندەکانی شرنەخ (وێنە: DHA)
ئاگر لە سنووری گوندەکانی شرنەخ (وێنە: DHA)

ئاگر لە سنووری گوندێکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کەوتەوە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە،  دووبارە بەهۆی ڕەشەباوە سەری هەڵدایەوە و دەیان دۆنم زەوی لە دەشتیایی و باخ و بێستانەکانی سنووری حەوت گوندی سووتاند.

یەکشەممە، 23ی حوزەیرانی 2024، لە باکووری کوردستان ئاگر لە گوندی تەپەجیکی سەر بە شارۆچکەی ئیدیلی پارێزگای شرنەخ کەوتەوە، بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام بەهۆی کاریگەریی توندیی با، ئاگرەکە چەند کاتژمێرێک دواتر تەشەنەی سەند و ئەمجارە گوندەکانی دەوروبەریشی گرتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێنجشەممەی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە چەند لایەکی دارستانێکی نێوان سنووری پارێزگاکانی دیاربەکر و ماردینی باکووری کوردستان کەوتەوە و بە گوتەی فه‌خره‌ددین قۆجه‌، وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا به‌هۆی ئاگرەکەوە 14 کەس مردوون و 78 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جیا لە زەرەر و زیانە ماددییەکانی بەر سروشت و باخ و دارستانەکانی ناوچەکە کەوتبوو.

لەلایەکی دیکەوە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە تۆڕی ئێكس ڕایگه‌یاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارۆچکەی چنار لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دەستی پێ کردووە.

Fly Erbil Advertisment