کاروان هەورامی: کابینەی نۆیەم گۆڕانکاری جۆری و چەندی لە سێکتەری ئاودا کردووە و پرۆژەی دیکەش بەڕێوەیە

کاروان سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێ: لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە گۆڕانکاری جۆری و چەندی لە سێکتەری ئاودا بکرێت و پرۆژەی دیکەی نوێ لەبارەی ئیدارەدانی ئاو بەڕێوەبەیە.
کاروان سەباح هەورامی گوتی: کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی هەر بەتەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا تا دەگاتە ناوەڕاستی ئاسیا کێشەیەی ڕیشەیی و ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت، بۆ ئەمەش هۆکارگەلێک هەن، لەوانە گۆڕانکارییەکانی ئاو و هەوا، کێشمەکێشی سیاسی و کاریگەری بەسەر ئیدارەدانی ئاو، گەشەی دانیشتووان و ئابووری کە کاریگەری کردووەتە سەر زیاد لە پێویست بەکارهێنانی ئاو، هەموو ئەوانە فشارەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو زیاتر کردووە.
ئاماژەشیدا، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی پۆندەکان یەکێک بووە لە هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ گلدانەوەی ئاو کە ئەمە هەنگاوێکی دیار و بەرچاوە، بەڵام لە پرسی بەفێڕۆ نەدانی ئاو و ڕێکخستنەوەی ئیدارەدانی ئاو چەندین ڕێکار و هەنگاوی گرتووەتەبەر، لەوانە دابەشکردنەوەی ئاو، گلدانەوەی ئاو و چۆنێتی ڕیگری کردن لە بەهەدەردانی ئاو و چەند ڕێگەیەکی دیکە.
هەروا گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای فشارە ئابووری و سیاسییەکان، بەڵام توانی گۆڕانکاری جۆری و چەندی لە سێکتەری ئاودا بکات. تایبەت لە کۆکردنەوە و گلدانەوەی ئاو، هەر لەم دوو ساڵەی دواییدا توانیویەتی 43 پۆند دروست بکات و کاریش لەسەر دروستکردنی حەوت بەنداو بکات.
ڕاشیگەیاند، هەر بۆ ئیدارەدانێکی باشی ئاو، حکوومەت کاری کردووە لەسەر داڕشتنەوەی پەیکەربەندی دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بەئاوە، لەوانە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکانی کەرتی ئاوە، درچوواندنی یاسای پاراستنی ئاوە، پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاوە کە لەم ئەنجوومە هەموو بڕیارە گرنگەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو دەردەچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێ: هەنگاوێکی دیکەی گرنگی ئەم کابینەیە ئەوەیە بۆ یەکەمجارە ئێمە بەشێوەی دەستکرد بتوانین پاراوکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی بکەین، ئەمەش لە ڕێگە گلدانەوەی باراناوەوە بوو بۆ ئەوەی بخرێتەوە ژێر زەویی لە پێناو پڕکردنەوەی حەوزە ئاوییەکانی ژێر زەوی، بەمەش لە سەرکەوتوو بووین لە ئەزموونێکی زیندوو کردنەوەی کانییە وشکبووەکان، کە هەندێک لە کانییەکان پاش چەندان ساڵ وشکبوون، دووبارە بوژاونەتەوە.
هەروەها ڕایگەیاند، پرۆژەیەکی دیکەمان لەبەردەستداتە بۆ تاقیکردنەوە و پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکان بەمەبەستی بەکارهێنانەوەی لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێرییە لە سنووری شارۆچکەی هەریری کاری لەسەر دەکرێت و لە چەند مانگی داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین.