ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارت و کاندیدانی سەربەخۆ و پێکهاتەکان درێژ کرایەوە

بۆ سێیەم جار وادەی پێشکەشکردنی داواکاریی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و حزب و کاندیدانی سەربەخۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، درێژ دەکرێتەوە.
مەروان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادە بوو بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی پێکهێنان و تۆمارکردنی هاوپەیمانی و ئەو کاندیدا تاکە کەسییانەی دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداربن، بەڵام وادەکە تاوەکوو 4ی ئەممووزی 2024 درێژ کرایەوە.
مەروان محەممەد گوتیشی: لە قۆناغی یەکەم 10 پارتی سیاسی لیستەکانی خۆیان پێشکەش کردبوو، گەیشتبووە قۆناغی وەرگرتنی ژمارەی لیستەکانیان بوون لە ڕێگەی تیروپشکەوە، بەڵام لەم قۆناغەی دواییدا، واتە لە قۆناغی دووەم دوو پارتی سیاسیی خۆیان تۆمار کردووە؛ بەمەش کۆی گشتیی پارتە تۆمارکراوەکان 12 پارتی سیاسیین. هەروەها دوو هاپەیمانیی و کاندیدای تاکی تورکمان 14 کەس و کاندیدای تاکی کریستیان 7 کەس و کاندیدای تاکی گشتیش 14 کەسن لەم قۆناغە، بەڵام لە قۆناغی پێشووتر 18 کاندیدا داواکارییەکانیان وەرگیراوە.
سەبارەت بە ژمارەی لیست و کاندیدەکان، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان گوتی: ئەو پارت و کاندیدانەی پێشتر ژمارەیان پێ دراوە هەر هەمان ژمارەی دەبێت و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، پارت و کاندیدەکانی قۆناغی دووەم لە دوای ئەو ژمارەیەی دابەش كراوە، ژمارەیان پێ دەدرێت.
سەرەتا لە 8 تاوەکوو 13ی حوزەیرانی 2024 ماوەکە بەردەوام بوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 13ی مانگ بەر لە کۆتایی هاتنی دەوامی ئاسایی، ماوەکەی تاوەکوو دووشەممە 24ی حوزەیرانی 2024 درێژکردەوە، جاری دووەمیش لە 24ی ئەم مانگە بۆ سێ ڕۆژ ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی درێژکرایەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، ئەمە سێیەم جارە ماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان درێژ دەکرێتەوە کە تاوەکوو پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، کە دیاریکردنی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
دوای دیاریکردنی وادەی نوێ، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ پێشوازی لە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئامادەی هەموو هاوکارییەکە بۆ پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە.
هەروەها عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کارەکانیان بەردەوامن و هیچ ئاستەنگێک نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت و جەختی کردەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگییەکی باشیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
هەر لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی مانگی 10ی ئەم ساڵ، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆزی ڕێکخراوەیی یەکێتی ئەوروپا، نوێنەرایەتیی وڵاتان و حزب و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لە دیاریکردنی وادەکە کردووە.