سەرکەوت کاڕەش: لە پێناو گیانی هاووڵاتییان، تیمی بەرگری شارستانی لەسەر ئاو و ڕووبارەکان دانراون

گوتەبێژی بەرگری شارساتنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەو شوێنانەی کە ئاوی لێیە، تیمی بەرگری شارستانی و تیمی غەواس لەوێ هەن، بەڵام ئەوەی کە گرفتە شوێنە دوورە دەستەکانە کە زۆربەی زۆری هاووڵاتییان تێیدا دەخنکێن و تیمەکان لەو شوێنانە نین.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارساتنی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ئەو شوێنانەی هاووڵاتییان بۆ گەشت ڕووی تێدەکەن دیاری کراون، ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغن و ناوچەی گەشتیارین تیمەکانی بەرگری شارستانی بە بەردەوام لەو شوێنانە، ئامادەییان هەیە بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، بۆ نموونە؛ لە سنووری پارێزگای هەولێر قەزای خەبات، لە تەق تەق و قەندیل لەو شوێنانەی کە ئاوی لێیە و خەڵکی ڕووی تێ دەکات و مەلەی لێ دەکات.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، "لەو شوێنانەی کە ئاوی لێیە، وەک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆک و بەنداوەکان تیمی بەرگری شارستانی و تیمی غەواس لەوێ هەن، بەڵام ئەوەی کە گرفتە شوێنە دوورە دەستەکانە زۆربەی زۆری هاووڵاتییان تییدا دەخنکێن و تیمەکانی بەرگری شارستانی لێ نییە".
ئەو گوتەبێژە دەشڵێت: "زۆرجار ئێمە ڕێنماییەکان بڵاو دەکەینەوە و داوامان لە هاووڵاتییان کردووە، ئەگەر دەچنە ناوچە گەشتیارییەکان و شاخ و سنوورە چیاییەکان، با زیاتر لەو شوێنانە بن کە قەرەباڵەغن و خەڵکی لێیە. ئەگەر حاڵەتێک ڕووبدات تیمەکانی ئێمە لەوێن و زوو بە هانایانەوە دەچین و ئەگەر لەوێش نەبن خەڵکی ناوچەکەی لێیە و مەلەوانی تێدایە و زوو ڕزگاریان دەکەن".
سەرکەوت کاڕەش ڕاشیگەیاند، "ڕۆژانە گەشتیار سەردانی تەق تەق دەکات، خەڵکی خۆبەش و مەلەزانی سنوورەکەش هاوکارن هاووڵاتیی ڕزگار دەکەن لە حاڵەتەکان. بەڵام ئەوەی کە گرفتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە کە بە درێژایی ئەو ناوچەیە کە ڕووبار و کانییا و سەرچاوە ئاوییەکانی لێیە هاووڵاتییان زیاتر لەم سنوورە دەخنکێن".