لەکاتی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی نووری پێنج بۆمب دەدۆزرێتەوە

شەممە،29/6/2024 ڕێکخراوی یونسکۆ ڕایگەیاند، لە کاتی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی "نووری" موسڵ، پێنج بۆمبیان لەناو دیواری مزگەوتەکەدا دۆزییەوە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە دانراونەتەوە.
ڕێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەکاتی نۆژەنکردنەوەدا، پێنج بۆمبیان لەناو دیواری هۆڵی نوێژکردنی مزگەوتی نووری شاری موسڵ دۆزیەوە، کە بۆ ئەوە دانراوە بەتەواوی مزگەوتەکە بڕوخێنێت، ئاماژە بەوەش کراوە، کێشی هەریەک لەو بۆمبانە 1.5 کیلۆگرامە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "یەکێکیان ناچالاک کراوە، بەڵام چوارەکەی دیکە پەیوەستن بە تیمی پوچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنی، کە هێشتا پووچەڵ نەکراونەتەوە".
لەوبارەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند "یونسکۆ ستافەکەی کشاندووەتەوە و کارەکانی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی لە مزگەوتەکە ڕاگرت و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کردەوە".
مزگەوتی نووری لە کۆنترین مزگەوتەکانی ئەوشارەیە و لە دوای داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە بۆ یەکەم جار ئەبوبەکر بەغدادی وتاری تێدا خوێندەوە و خەلافەتەکەی ڕاگەیاند.
