کۆمیسیۆن هەزاران هەلی کار ڕادەگەیەنێت

K24 – بەغدا:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو کارمەندانەی ڕاگەیاند کە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و جەختیکردەوە: کە دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەسەر شایستەی داراییان دەدات.

ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستیان بە زیاتر لە 42 هەزار کارمەند هەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد: ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لەبارەی شایستە داراییەکانی ئەو کارمەندانە دەدات کە سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای پێشکەشکردنی بۆ دامەزراندن بە گرێبەست بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: پێشکەشکاران دەبێت دانیشتووی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بن.

لەبارەی مەرجەکانی پێشکەشکردن، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکردووە: هەموو فەرمانبەرانی حکوومەت و دەرچووانی و قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بە مەرجێک کەمترین بڕوانامەی پێشکەشکار، دەرچووی ئامادەیی بێت.

پێشکەشکردن بۆ بوونە کارمەندی کۆمیسیۆن لە (4ـی تەمموز تاوەکوو 23ـی تەمموزی 2024) دەبێت لە ڕێگەی لینکی pcemp.ihec.iq.

Fly Erbil Advertisment