دانیشتووانی شارۆچکەیەکی کەربەلا ماوەی پێنج ساڵە بێئاون

دانیشتووانی قەزای حوڕ دەڵێن: سەرباری ئەوەی گەڕەکەکەیان فەرمییە و لەلایەن شارەوانییەوە دانی پێدانراوە، بەڵام ئاویان نییە، بەو هۆیەوە زۆرینەی دانیشتووانی قەزاکەی کۆچیان کردووە و چوونەتە ناوچەکانی دیکە. هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزاکە قەیرانی ئاو بۆ کەمبوونی بەشە ئاوی فورات و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان دەگێڕێتەوە.

دەستگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بووە بە کێشەیەکی ڕۆژانە، چونکە ناوەندی پارێزگای کەربەلا و بەشێکی زۆری قەزا و ناحییەکانی کێشەی کەمیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

دانیشتووانی گەڕەکی 'حەی موەزەفین' لە قەزای حوڕ نزیکەی پێنج ساڵە کێشەی کەمی خزمەتگوزارییان هەیە، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی دانیشتووان گەڕەکەکە بەجی بهێڵن.

هاووڵاتییەکی قەزاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاو هەر نەماوە، ڕووی دەمم لە بەرپرسان دەکەم و پێیان دەڵێم ئێوە بەرپرسن لەم پارێزگایە، ئەم گەڕەکەی ئێمە لە 2016ەوە دروست کراوە تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە بەڵام ئەوان داوکارییەکانی ئێمە نابیستن، گەڕەکەکەمان فەرمییە و شارەوانی ناساندوویەتی بەڵام خزمەتگوزاری تێدا نییە.

هاووڵاتیەکی دیکە گوتی: ئەم گەڕەکەی ئێمە سادەترین بناغەکانی خزمەتگوزاریی و ژیانی تێدا نییە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەربەلا و بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی قەزای حوڕ دەکەین بەدەممانەوە بێن.

محەممەد فازڵ عەبدولعەباس نەسراوی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەربەلا قەیرانی ئاو بۆ چەند هۆیەک دەگێڕێتەوە لەوانە زیادبوونی ژمارەی گەڕەکەکان لەگەڵ چاکسازیی لە تۆڕی دابەشکردنی ئاو، ئەوە لەگەڵ کەمیی بەشە ئاوی کەربەلا لە ڕووباری فورات.

بەڕێوەبەری ئاوی کەربەلا، ڕایگەیاند، زۆرینەی قەزا و ناحییەکانی پارێزگای کەربەلا بەتۆڕی ئاوەوە بەستراون، دەتوانم بڵێم سەدا 95ـی گەڕەکەکان بەم تۆڕەوە بەستراون، ڕاستە هەندێ گەڕەک لەم دوو سێ ساڵەی دوایدا زیاترکراون قەیرانیان هەیە ئەوانیش بۆ تۆڕی ئاو زیاد دەکەین، چەند کێشەیەکمان هەیە لەوانەش کەمیی بەشە ئاوی کەربەلا، لەگەڵ خراپی دۆخی کارەبا کە کاریگەری لەسەر کارپێکردنی تۆرباینەکانی ئاو هەیە، لەگەڵ ئەوەش پلەکانی گەرمە زۆر بەرزبوونەتەوە. هەروەها فراوانبوونی کەربەلا بەشێوەیەکی بەرچاو کیشەیەکی دیکەیە.

سەرباری پاساوەکان، دۆخی ئاو لە زۆرینەی گەڕەکان کارەستبارە، دانیشتووانی کەربەلا هیوادارن بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەی بەپەلە و ڕیشەیی بۆ کێشەی ئاو بدۆزنەوە.

Fly Erbil Advertisment