لە ئەڵمانیا و سوید هەشت کەسی سووری بەتاوانی جەنگ دەستگیرکران

بەبڕیاری داواکاری گشتیی هەر یەک لە ئەڵمانیا و سوید ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، لە دوو هەڵمەتی جیادا هەشت کەسی بەڕەگەز سووری بەهۆی تێوەگلان لە تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، دەستگیرکران.

داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو پێنج کەسەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەکراوە گومانگەلێکیان لەسەرە کە هەر سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەکان و شەڕی ناوخۆیی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکوو دەرچوونیان لەو وڵاتە، دەستیان لە تاوانی کوشتن یان هەوڵی کوشتنی خەڵکی مەدەنی هەبووبێت، بەمەش لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ تێوەگلابن.

هەروەها داواکاری گشتیی سوید بە هەمانشێوە ڕایگەیاندووە، ئەو سێ تۆمەتبارەی دەستگیرکراون بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

هەر لەمبارەوە، ئۆلریکا پنتلیۆس ئیگلڕۆد داواکاری گشتیی ڕاسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دەستگیرکراوەکان ڕایگەیاندووە، بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەڵمانیا و دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەماهەنگی لە بواری دادوەری ( یۆرۆجاست) و دامەزراوەی هاریکاری جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا (یۆرۆپۆل) توانراوە گۆمانلێکراوەکان دەستگیر بکرێن، کە هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی سێ لە تۆمەتبارەکان لە سوید، لە ئەڵمانیاش پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون.

Fly Erbil Advertisment