کۆمپانیای دڵنیایی بانکەکانی عێراق پشتگیریی لە پرۆژەی "هەژماری من" دەکات

هەژماری من
هەژماری من

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کۆمپانیای دڵنیایی بانکەکانی عێراق بۆ یەکەمین جار بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەی " هەژماری من" دووپات دەکاتەوە.

کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری پاشەکەوت رایدەگەیەنێت، ئەو هەشت بانکەی لە دەستپێشخەریی "هەژماری من" بەشدارن لەلایەن کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری پاشەکەوت گەرەنتی کراون، راشیدەگەیەنێت، ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پڕۆسەی گۆڕانکاری ئەلیکترۆنی لە خزمەتگوزارییە حکوومییەکاندا.

کۆمپانیاکە، بیمەی سەرجەم بانکەکانی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق دەکات و دەیان پارێزێت لە مایەپووچبوون.

دامەزراوەی کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری پاشەکەوت " الشركة العراقية لضمان الودائع " لە ژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی کارەکانی دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە پاراستنی سپاردەی هاوولاتییانە لە بانکەکان، بە جۆرێک لە کاتی هەبوونی مەترسی لەسەر هەر بانکێک، ئەم دامەزراوەیە گەرەنتی پارەی مووچەخۆران دەکات.  سەرجەم بانکە حکوومیی و تایبەتەکانی عێراق بەشدارن لە پارەدارکردنی ئەم دامەزراوەیە و بە پشتبەستن بە یاسای گەرەنتی سپاردەی ژمارە 3ی ساڵی 2016 کاردەکات.

پێشتر، دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی (هەژماری من) دا.

جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا کە ڕۆژی 01-07-2024، ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بەبانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.

نووسراوەکەی دادگای فیدراڵی، ئاماژە بە لیستێکی هاوپێچی بانکیی ناوەندی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لە پرۆسەی " هەژماری من " بەشدارن.

Fly Erbil Advertisment