بازاڕی جۆ کز بووە

بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئێستە جووتیاران کەمتر جۆ دەچێنن و چاندنی ئەو بەرهەمە بەتەواوی کەمی کردووە، جووتیارێکی دەشتی کۆیەش بۆ کوردستان24 دەڵێت: خەرجی چاندن و بەرهەمهێنانی جۆ و گەنم هێندەی یەکە، بەڵام بڕشت و نرخی گەنم دوو هێندەی جۆیە، بۆیە جووتیار بەدوای داهات و قازانجدا دەگەڕێن و جۆ ناچێنن.

ئەگەرچی جۆ بەرهەمێکی گرنگە بۆ ئالیکی ئاژەڵ، بەڵام وەک بەڕێوبەری کشتوکاڵی کۆیە دەڵێت: ئێستە ئاژەڵداران و خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان لە جیاتی جۆ گەنم دەکەن بە ئالیک.

ئەو دەڵێ: "چاندن و بەرهەمهێنانی جۆ هەمان خەرجیان هەیە، بەڵام لەنرخدا جیاوازییان زۆرە بۆیە ئێستە جووتیاران کەمتر جۆ دەچێنن".

ڕابەرعەبدوڵلا، جووتیار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابوردوو جۆ هیچ پارەیەکی نەکرد، بۆ ئەمساڵیش حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، کە جۆ وەرناگرێت. جۆ بڕشتی کەمە لە چاو گەنم. بۆیە جووتیاران کەم بەرهەم دەهێنن.حکوومەتی عێراق، گەنم تۆنی بە 850 دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام نرخی جۆ بە 400 دینارە بۆ ئاژەڵەکانم کڕیوە. جیاوازی نێوانیشیان 400 دینارە، هەمان جووت، کیمیایی، کێڵان و ڕشاندنی دەوێت. خەڵکیش ئەمڕۆ ئەوە ناکات حسابی قازانجەکەی دەکات.

جۆ، بە هەردوو ڕەنگی ڕەش و سپی بەرهەم دێت، نرخی لە بازاردا نزیکەی لە نیوەی نرخی گەنمە، چونکە حکوومەتی عێراق ساڵانە تەنها گەنم لە سایلۆکان لە جووتیاران دەکڕێتەوە و جۆ وەرناگرێت. ئەو بڕە جۆیەی ساڵانە بەرهەم دێت، زیاتر ئاژەڵداران دەیکڕنەوە و لە دروستکردنی ئالێکدا بەکار دێت.

یوسف سەلیم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کۆیە گوتی، "ڕووبەری داچێنراوی جۆ ئەمساڵ لە چاو ساڵانی دیکەدا زۆر کەمترە، لەبەر ئەوەی گەنم پارەیەکی باش دەکات، ئاژەڵدارەکان و خاوەن پەلەوەرەکان ئێستە بەشێکی گەنم بەکار دەهێنن بۆ ئالیک، ئەوەش بووە بە هۆیەک بۆ ئەوەی جووتیاران واز لە چاندنی جۆ بهێنن".

جۆ ڕوەکێکی یەکساڵەیە لە تیرەی گەنمەکان و لە دەستەی دانەوێڵەکانە، یەکێکە لەو خۆراکانەی ڕێژەی کالۆری کەمە، هاوسەنگیی شەکر لە لەشدا دەپارێزێ و لە زۆر خواردنی ڕۆژانەشدا دەتوانرێ بەکاری بھێنرێ و سوودێکی زۆری بۆ بە تەندروستی هەیە. 

Fly Erbil Advertisment