ئازاد نوری: دروستکردنی بەنداو و زیادکردنی رێژەی سەوزایی کاریگەریی لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا هەیە

ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان
ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کاروبارى هونەرى لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ئاماژە بەوە دەکات ، گۆڕانی کەشوهەوا بارودۆخی ژیان خراپتر دەکات، کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییەش لە سەر جووتیاران و سامانى ماسى و ئەوخەڵکانەش هەیە کە ژیان لە دارستانەکان بەسەر دەبن.

ئازاد نوری عەولڵا بۆ کوردستان24  ئاماژەی بەوە کرد، ووڵاتە تازە گەشەسەندووەکان زۆر لاوازن و کێشەى نەبوونی ئاسایشى خۆراکیان هەیە، دەڵێت، لە گوندەکان بەدخۆراکیی و برسێتی زیادى کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ژینگە لاوازەکان ژیان بەسەر دەبن، دەشڵێت، جووتیاران بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە بە هۆى ساغنەکردنەوەى بەرهەمەکانیان و زیادبوونی خەرجی دارایى لەسەریان، هاوکات لەدەستدانى مەڕو ماڵاتیان بە هۆى کاریگەرییەکانى خراپى گۆڕانى کەشو هەوا لەسەر بەرهەمى ئالیک و کشتوکاڵیی ئاویی و بەرهەمى دارستانەکان.

ئازاد نوری پێی وایە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سەلامەتى خۆراک و سەقامگیری و بەکارهێنەران هەیە، هاوکات کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیان و سامان و دەرفەتەکان هەیە لە تەواوی گوند و شار و شارۆچکەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەى هەژاریی زیاد بووە، دەڵێت، بەهۆی لەدەستدانی سامانی ماسی و نەبوونی بیمەی بێکاری ئاسایشی خۆراک دەکەوێتە مەترسیی، دەشڵێت، گووندنشینەکان وەک پێویست تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی خراپى بارى گۆڕانى کەشوهەوا وکاریگەرییەکانیان نیە.

ئاماژەی بەشکردووە کە، گۆڕانى کەشوهەوا دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى نوێى ئافات و نەخۆشییەکان و کاریگەرى دەبێت لەسەر مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵ و سامانى ماسی، دەڵێت، ئافات و نەخۆشییە نوێیەکان تەنها لە پلەی گەرمی بەرز و شێی تایبەت دروست دەبن، ئاشکرای دەکات، ئەم کاریگەرییانە دەبنە مەترسی بۆ سەر ژینگە، وەک بەبیابانبوون و کەم ئاوى و کۆچکردنى بەلێشاوی خەڵک لەگوندەکان بۆ شارەکان، هاوکات کاریگەریى لەسەر زیندەوران بەگشتیی دەبێت، ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەم دیاردانە لە ووڵاتە تازە گەشە سەندووەکان لە ئێستادا دەرکەوتوون.

ئازاد نوری بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد ، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تەواوی بە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا داوە، بەتایبەت کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی جیهانیی گۆڕانی کەش و هەوا لە وڵاتی ئیمارات بەشداریی کرد و ساڵی دادێش لە وڵاتی ئازەربێجان بە بەشداریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمان کۆنفرانس بەڕێوەدەچێت، دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پابەندە بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی، هەرێمی کوردستان هەست بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەکات و لە قۆناغێکی هەستیاردایە، بەتایبەت لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتیوان و فراوان بوونی چاڵاکییە ئابوورییەکان، دەڵێت، جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دەبێتەوە بە بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما و گۆڕانی شێوازەکانی باران بارین، دەشڵێت، لە ئێستادا گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان هەستی پێ دەکرێت.

ئازاد نوری پێی وایە گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا تەنها کاریگەرییان لەسەر دیمەنی ناوچەکە نییە، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە، دەڵێت، چڕبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاریی کەش و هەوا پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا هەیە، چونکە گۆڕنکارییەکان کاریگەرییان لەسەر سێکتەری ئاو و دارستانەکان و کشتوکاڵ هەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاپۆرتێکیان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە تاکوو بتوانن ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا ببنەوە.

ئاشکرای کرد کە دەستەی ژینگە و دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی کاری هاوبەشیان بۆ وەبەرهێنانی سەوز لەسەر سێکتەرەکان کردووە بۆ ئەوەی دۆستی ژینگە بن، دەڵێت، دروستکردنی بەندا و زۆرکردنی رێژەی سەوزایی لە هەنگاوە رژدەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.

Fly Erbil Advertisment