ئاگرین عەبدوڵڵا: لە کابینەی نۆیەمدا 440 پرۆژەی ڕێگەوبانی جۆراوجۆرمان جێبەجێ کردووە

"ڕێگەی بالیسان 11 کیلۆمەتری هەڵدراوەتەوە و هەوڵ دەدەین تەواوی بکەین"

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕایگەیاند، یەکێک لە کەرتە گرنگەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بواری ڕێگاوبان بووە، هەروەها 440 پرۆژەی ڕێگاوبانی جۆراوجۆر کە لە پرۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک پێک دێن، جێبەجێ کراون.

د. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکێک لە کەرتە گرنگەکان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بواری ڕێگاوبان بووە، بەدڵیانییەوە لەماوەی ئەو چوارساڵە پرۆژەیەکی زۆری ڕێگاوبان جێبەجێ کراون.

گوتیشی: بەپێێ ئەو ئامارانەی لە ژێردەستی ئێمەدایە 440 پرۆژەی ڕێگاوبانی جۆراوجۆر کە لە پرۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک پێک دێن جێ بەجێکراون، هەروەها 1295 کیلۆمەتر ڕێگای تازە لە هەرێمی کوردستان تەواو کراوە و خراوەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕووی چاککردنەوەوە 11 فەرمانگەی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دامەزراوە و تا ئاستێکی باش بەدواداچوون بۆ ڕێگەکان دەکەن و گرنگییەکی تەواو بە ڕێگە و بانەکان دەدەن.

ئاگرین عەبدوڵڵا، باسی لەوەش کرد، ئەگەر ڕێگەیەکی کواڵێتی باش یان جوتساید هەبێت، هانی خەڵک دەدات کە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچەیە بکەن؛ هەرچەندە نەتوانراوە لەسەدا سەد پڕۆژەکان جێ بەجێ بکرێت.

ڕێگەی بالیسان لە دۆڵی خۆشناوەتی یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکان، کە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە. هەروەها ئەو ڕێگەیەی کە دەکەوێتە سێ ڕیانی زینەتیر تاوەکو شکارتە زۆر تێک چووبوو، بۆیە پلانێکی تۆکمە ئامادە کرا کە قیرەکەی بەتەواوی هەڵبگرێتەوە و چینەکانی بن قیرەکە بەهێز بکرێت و دواتر قیر بکرێتەوە بە درێژایی 21 کیلۆمەتر، هەرچەندە پیشتر هەندێک گرفتی پێشینەیی دارایی هاتە پێش بەڵام بە سوپاسەوە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن پیشینەکانی خەرج کرد.  ئێستە کۆمپانیاکە کاردەکات و 11 کیلۆمەتر هەڵدراوەتەوە و هەوڵ دەدەین تەواوی بکەین، ئەگەر زانیمان دۆخی دارایی باشتر بوو ئەتوانین پلان بۆ کۆمپانیا دانێین زیاتر هەڵداتەوە، بەڵام نامانەوێت زیاتر هەڵبدەینەوە چاکی نەکەینەوە تاوەکو هاوڵاتیان تووشی گیروگرفت نەبن.

Fly Erbil Advertisment