دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بەهای نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار هاوکاریی دابەش دەکات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاپۆرتی هاوکارییەکانی بۆ جەژنی قوربانی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و عەفرین بڵاوکردەوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە بە بەهای زیاتر لە چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری ئەمەریکی هاوکاریی چەند چین و توێژێکی کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی داوە، وەک نەریتێکی ساڵانە لە جەژنی قورباندا چەند پرۆژەیەکی مرۆیی بۆ هاوکاریی و یارمەتیدانی (ئاوارە، پەنابەران، ئازیزان، خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت) کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگاکە، بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارە خێرخوازییەکانی لە چوارچێوەی پێنج پڕۆژە جێبەجێ کردووە کە بریتی بوون لە:
- قوربانیکردن
- هاوکاریی نەختینە
- هاوکاریی ئازیزانی کوردستان و ئیماراتی
- کڕینی جل وبەرگی جەژن بۆ ئازیزان
- دابەشکردنی پارسێلی خۆراک
لە پێنج پرۆژە خێرخوازییەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی و بەخشەرانی کوردستان 11 هەزارو 574 خێزان لەگەڵ 15 هەزار و 803 ئازیز سوودەمەند بوون و بودجەکەشی بریتی بووە لە 4 ملیۆن و 931 هەزار و 10 دۆلاری ئەمەریکی.






دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەزگایەکی ناحكوومەتیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە، له ساڵی 2005 له هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان – عێراق دامەزراوە و مەسرور بارزانی، سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ژێر وتەیەكی مستەفا بارزانی كە دەفەرموێت "شانازییه بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت" دەستی بە كاركردن كردووە، مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق وەرگرتوو. دواتریش لە ساڵی 2016 له ویلایەته یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە.
هەروەها له كۆبوونەوەی مانگی نیسانی ساڵی 2016ـی ئەنجوومەنی كارگێڕی و هەماهەنگی نەتەوەیەكگرتووەكان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەك ئەندامی ڕاوێژكاری له ئەنجوومەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی (ECOSOC) قبوڵ كرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و کۆمیساریای باڵای پەنابەران سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیدارەی 30 کەمپ لە هەرێمی کوردستان دەکات.
هەروەها لە 10 سێکتەری جیاواز بە مەبەستی خزمەتکردنی ئاوارە، پەنابەر، هاووڵاتییانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و خەڵی وڵاتانی دیکە کار دەکات.