پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێیی دیالە، ڕێگرە لە جێبەجێ کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان

پێنج مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە تێ دەپەڕێت، بەهیوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی خۆجێی، بەڵام دانیشتنەكە بەھۆی ململانێی سیاسی نێوان لایەنەكان لەسەر پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن تا ئەمڕۆش بە کراوەیی ماوەتەوە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەش دەڵێت، قەیرانی سیاسیی لە پارێزگاکەدا هێشتا وەک خۆی ماوە و هیچ پێشکەوتنێکی نوێی بەخۆیەوە نەبینیوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە یەکەم دانیشتنی خۆی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ کرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی سیاسییەوە دانیشتنەكە بە کراوەیی ماوەتەوە و لایەنە سیاسییەکان تائێستا حەوت جار شکستیان هێناوە لە تەواوکردنی دانیشتنەکە لە دیالە بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی.

مورتەزا تەمیمی، سەركردە لە ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، بەدووری دەبینێت لەماوەیەکی نزیکدا لایەنەكان لەسەر پێكھێنانی حكوومەتی خۆجێیی دیالە ڕێک بکەون. ئەو گوتی: "ئەوەی گۆڕەپانی سیاسی دیالە ئاڵۆزتر دەکات، گرژییەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگاکەیە. لایەنەكان لە بەغدا ڕێك دەكەون، بەڵام كاتێك دەگەڕێنەوە دیالە لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگادا گرژییەكان دووبارە سەرھەڵ دەدەنەوە".

ھاوكات نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، قەیرانی سیاسی لە پارێزگاکەدا هێشتا وەک خۆی ماوە و هیچ پێشکەوتنێکی نوێی بەخۆیەوە نەبینیوە، جەختیشی کردەوە، بەردەوامیی قەیرانەکە ڕەنگدانەوەی خراپی بەسەر خزمەتگوزاری پارێزگاكەدا ھەبووە و ڕێگری دەكات لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان و پێشكەشكردنی پرۆژەی نوێ.

ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە لە پانزدە ئەندام پێک دێت، حەوتیان شیعەن، حەوتیشیان سوننەن و یەکێتییش ئەندامێكی هەیە، ئەنجوومەنەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەكیان لە ھەشت ئەندام پێك دێت كە دەولەتی یاسا و ڕێكخراوی بەدر و پارتی تەقەدوم و یەكێتی لەخۆ دەگرێت و لەگەڵ مانەوەی موسەننا تەمیمی پارێزگاری پێشوو لە پۆستەكەیدا، لەبەرامبەردا بەرەی دووەم كە لە حەوت ئەندامی كوتلەی سادیقوون و سیادە و عەزم و ھاوپەیمانیی بنكەی عێراق پێكھاتووە، دژی دانانەوەی موسەننا تەمیمین، واتە ناکۆکیی نێوان هێزەکانی سوننە و شیعە و پەرتەوازەبوونی شیعەکان لەنێوخۆیاندا دوو هۆی سەرەکی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانن.

Fly Erbil Advertisment