بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەمساڵ سێو هەناردەی دەرەوە دەکەین

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، ئەرکی ئێمە وەکو وەزارەت و حکوومەت ئەوەیە جووتیاران هانبدەین و بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بڕەخسێنین، هەروەها پلانی ئێمە ئەوەیە لەپاڵ بەرهەمەکانی دیکە سێویش هەناردە بکەین.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ، سیاستێکە لە جێگای خۆیەتیی، دەشلێ: ئەو سیاسەتە درێژخایەن و ستراتیجییە، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی دانراوە جێبەجێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی ئێمە وەکو وەزارەت و حکوومەت ئەوەیە جووتیاران هانبدەین و بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بڕەخسێنین، تاوەکو پشتیوانی جووتیارەکان بکەین بەروبوومی زیاتر بەرهەم بهێنن گرنگی بە کشتوکاڵ بدەن.

گوتیشی: پلانی ئێمە ئەوەیە وەکو ساڵان پەتاتە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەین، هەروەها بەرهەمی پەلەوەر و هێلکە، کە زیاترە لە پێویستی ناوخۆ لە ڕێگەی کۆمپانیاوە هەناردەی شارەکانی خواروو و ناوەراستی عێراق بکەین، چونکە داخوازییەکی گەورەی لەسەرە، ڕاشیگەیاند، کارگەی دروستکردنی ئالیک، کە کواڵێتییەکی باشی هەیە و هەناردەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاست دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، ئەمساڵیش سێو و هەنار و هەنگوین هەناردە دەکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین بەرهەمی دیکەش لەگەڵ ئەو بەرهەمانە هەناردە بکەین، هەروەها هەنگوینی هەرێمی کوردستان داوایەکی زۆری لەسەرە.

کەریم سلێمان دەشڵێت: ئێمە وەکو وەزارەت بەدواداچوون بۆ دۆخی جووتیاران دەکەین، سوپاس بۆ خوا جووتیاران هەست بەوەدەکەن کە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان هەیە. ئینجا بەرهەمەکان گەنم بێت یان تەماتە یان خەیار یان پەتاتە یان مریشک و هێلکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆدا هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کەرتی سامانی ئاژەڵ بەگشتی دەستی پێ کردووە و توانیومانە قۆناغێکی باش ببرین، ئومێد دەکەین لەسەر سیاسەتی پەرەپێدانی ئەم کەرتە هەنگاوی گەورەتر بنێین.

ئەو وەزیرە دەڵێت، "لەبەشێکی زۆری بەروبوومەکانی سامانی ئاژەڵی گەیشتووینەتە خۆبژێوی کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکان بۆ ئەوەی بتوانین، دەستەبەری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بکەین".

Fly Erbil Advertisment