ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سنووربەزاندنی سوپای تورکیا ڕەت دەکاتەوە

K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سنووربەزاندنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق ڕەت دەکاتەوە و جەختیش دەکاتەوە نابێت خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی بەکاربهێنرێت.
چوارشەممە (10ـی تەمموزی 2024) یەحیا ڕەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شییاع سوودانی کۆ بووەتەوە و تاوتوێی پرسی دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیای کردووە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەنجوومەنەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و داواشی لە تورکیا کردووە ڕەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بکات و لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەماهەنگی بکات دەربارەی هەر پرسێکی ئەمنی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، محەممەد شییاع سوودانی شاندێکی بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕاسپاردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر ئەم پرسە کە کاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە.
هاوکات، ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە پاڵپشتی هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بکەن لەم پرسە بەپێی دەستوور، وەک چۆن هێرشکردنە سەر خاکەکەی ڕەت دەکاتەوە، ئاواش نابێت خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسی بەکار بهێنرێت.