لە پارێزگای دیالە 70 کەس ژەهراوی بوون
"کەموکورتی ڕوون لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە چاودێریکردنی چێشتخانەکان بەدی دەکرێت"

بەهۆی نەبوونی چاودێریی تەندروستی لەسەر چێشتخانەکان و کارکردنی بەشێک لە چێشتخانەکان بەبێ ڕێگەپێدانی یاسایی لە عێراق، لە ڕۆژێکدا زیاتر لە 70 کەس لە پارێزگای دیالە ژەهراویی بوون و لە ساڵێکیشدا لە پارێزگای میسان 500 حاڵەتی ژەهراویبوون تۆمار دەکرێت.
هۆی ژەهراویی بوونەکە بۆ خواردنی پیس و ژەهراویی چێشتخانەکان دەگەڕێتەوە، لەوبارەیەوە فارس عەزاوی، گوتەبێژی تەندروستی دیالە رایدەگەیەنێت، رێوشوێنی تەندروستی پێویست بۆ کەسانی ژەهراویبوو گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوەش لەسەر حاڵەتەکان بەردەوامن.
راغب عەنبەکی، ئەندامی شارەوانی مەنسوورییە لە پارێزگاکە رایدەگەیەنێت، ڕێوشوێنی یاسایی لە پێبژاردن و داخستن لە دژی ئەو چێشتخانانە دەگیرێتە بەر کە سەرپێچی ڕێنماییەکانی تەندروستیان کردووە، دەشڵێت: ژمارەیەک لەو چێشتخانانە مۆڵەتی تەندروستیان نییە.
لەلایەکی دیکەوە عەدنان بەیاتی، ئەندامی سەندیکای پزیشکانی عێراق دەڵێت: کەموکورتی ڕوون لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە چاودێریکردنی چێشتخانەکان بەدی دەکرێت، گوتیشی: زۆرینەی ئەو چێشتخانانەی کە کاری خواردنی خێرا و گەیاندن دەکەن، مۆڵەتی تەندروستییان نییە. ڕوونیشی دەکاتەوە بەهۆی ئەو چێشتخانانەوە سەدان حاڵەتی ژەهراویبوون و پەتای گوازراوە تۆمارکراون کە بەشێکیان بوونەتە هۆی گیانسپاردنی چەندین کەس.
جەختیش لەوە دەکاتەوە رۆڵی وەزارەتی تەندروستی لە چاودێریکردنی چێشتخانەکان لاوازە و وەزارەت کار بۆ داخستنی شوێنەکانی سەرپێچیکار ناکات.
ئەو ئەندامەی سەندیکای پزیشکانی عێراق بەپێویستیی دەزانێت وەزارەتی تەندروستی تیمی ڕۆژانەی هەبێت بۆ چاودێریکردنی چێشتخانەکان و سزای توند بخاتە سەر سەرپێچیکاران بە تایبەت داخستنی بەشێکیان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لەماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 500 حاڵەتی ژەهراویبوون بەهۆی گەیاندنی خواردنی خێرا لە پارێزگای میسان تۆمار کراون، هەروەها 35 حاڵەت بەهۆی خواردنەوەکان لە چێشتخانەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدا تۆمار کراون.