گەرما و بێئاوی تەنگیان بە دانیشتووانی بەغدا هەڵچنیوە

قەیرانی ئاو لە بەغدا
قەیرانی ئاو لە بەغدا

بێئاوی وای لە بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی بەغدا کردووە پەنا بۆ هەڵکەندنی بیر ببەن، بەڵام لە زۆرینەی دۆخەکاندا ئاوی بیرەکان سوێرن و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.

لەم گەرما تاقەت پڕوکێنەی هاوین، دانیشتووانی گەڕەکی بەدرەی لە ناوچەیە مەحموودیە بەغدا هاوشێوەی چەند گەڕەکێکی دیکە شارە تووشی قەیرانی ئاو بوونەتەوە.

بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکە، لە هەفتەیەدا تەنیا یەک کاتژمێر ئاویان پێ دەدرێت و بە ناچاری پەنایان بۆ هەڵکەندنی بیر بردووە کەچی بەکارهێنانی ئاوی بیرەکانیش بووەتە هۆی دروست بوونی چەندین نەخۆشی.

دانیشتووێکی گەڕەکی بەدر بەدەم پڕکردنی دەبە و جلیکانەوە دەڵێت "دۆخمان زۆر خراپە و ئاوەکەی سوێرە، بەداخەوە ئەمە حاڵی ئێمە".

هاووڵاتییەکی دیکە بە دەم گلە و گازندە کردنەوە دەڵێت "پێنج ڕۆژ جارێک ئاومان پێ دەدرێت ئەویش نزیکەی یەک کاتژمێر لە درەنگدانێکی شەودا. نازانین ئەو ئاوە بۆخۆشتنە یان خواردنەوە یان لە چی بەکاربهێنین. پەنامان بۆ هەڵکەندنی بیر بردووە، نازانم ئێمە لەم سەدەیەدا دەژین یان نا لە چاخێکی دیکە".

سەرباری داواکارییە زۆرەکانی گەڕەکی بەدر بۆ بەرپرسان، بەڵام وادەردەکەوێت تا ئێستا بەرپرسان دەستەوەستانن لەجێبەجێکردنی ئەوەی هاووڵاتیان داوای دەکەن، خەڵکیش دەپرسن تاکەی دۆخیان بەم شێوەیە بمێنێتەوە؟

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت "پرۆژەی هەڵکەندنی بیری ئاو بە دوو جار جێبەجێ کرا یەکێکیان لە ساڵی 2017 و ئەوی دیکەیان لە ساڵی 2019 هەڵکەنداران، بەڵام بەداخەوە بیرەکان هاوسەنگ نین، هەندێکیان بنی بیرەکاندا ئاوی تێدایە، ئەویش هەمووکات نا بەهۆیەوە مزەخەکانیش توانایان نییە ئاو هەڵکێشن".

دانیشتووانی گەڕەکی بەدر بەدەست بێئاوییەوە هێندە دڵپڕن، لە گەورە و بچووک هەر کەسێکیان بدوێنی کۆمەڵێک گلەیی هەیە، ئافرەتێک بەساڵاچوو دەڵێت "لە پێدانەوەی ئاو ستەممان لێ دەکرێت، خەڵکی پیر و پەکەوتە و منداڵمان هەیە، بەم گەرمایە لە هەفتەیەکدا تەنیا جارێک ئاومان بۆ بەردەدەنەوە، حەوت ساڵە ئەمە حاڵمانە".

لەگەڵ ئەوەی گەڕەکی بەدر لە مەحموودییەی بەغدا قەیرانی کەمی ئاوی هەیە، بەشێک لە دانیشتووەکانیشی بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی سوێرەوە توشی نەخۆشی پێست بوون.

Fly Erbil Advertisment