گەشتوگوزاری عێراق: هەرێمی کوردستان شکۆی گەشتیارانی پاراستووە

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندی گەشتوگوزاری عێراق، باسی کۆمەڵێک ئاڵنگارییمان کرد کە ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی فریودانی گەشتیاران دەدەن.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ شاندی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی فیدراڵ، گوتی: دوێنێ لەگەڵ شاندی دەستەی گەشتوگوزاری بەغدا کۆبووینەوە و کۆمەڵێک دۆسییەمان تاوتوێ کرد، کە پەیوەستن بە دۆخی ئەو گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی باشوور دێنە هەرێمی کوردستان.
ئەمەل جەلال ڕاشیگەیاند، باسی کۆمەڵێک ئاڵنگارییمان کرد کە ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵی فریودانی گەشتیاران دەدەن، لەسەر ئەو بابەتە هەردوو لامان لەسەر هەندێک ڕێکار ڕێککەوتین بۆ ڕووبەڕووبونەوە ئەو کۆمپانیایانەی هەوڵێ دەستبڕین و فێڵکردنی هاووڵاتیان دەدەن.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر هەندێک ڕێنمایی ڕێککەوتین کە پەیوەستین بە ڕێکارەکانی هەردوو لاوە. یەکەمیان، پێویستە ئەو کۆمپانیاینەی کە گەشتیار دەهێننە هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتن بێت و مۆڵەت پێدراو بن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی.
ڕاشیگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پشتبەستن بەو کۆمپانیایانەی کە خاوەن مۆڵەتن لە بواری گەشتوگوزارەوە، هەروەها باج بەو کۆمپانیایانە دەدەین کە گەشتیار دەهێنن و چاودێری گەشتیاران دەکەین.
د. مەهدی غەزبان، بەڕێوبەری فەرمانگەی بنکە گەشتیارییەکان لە گەشتوگوزاری عێراق گوتی: گومانی تێدانییە کە هەرێمی کوردستان هەموو خزمەتگوزارییەکی پێشکەشی گەشتیاران کردووە، هەروەها شکۆی گەشتیارانی پاراستووە، دەشڵێ: هەرێمی کوردستان توانییویەتی شکۆی پرۆسەی گەشتیاریی عێراق بپارێزێت کە ئەمەش شایانی بە سوپاسە.