ئەحمەد فەتلاوی: حکوومەتی عێراق ڕژدە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک

ئەحمەد فەتلاوی، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئەحمەد فەتلاوی، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئامادەی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکوو پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک.

ئەحمەد فەتلاوی، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەکانی بەڕێوەچوو.

ئەحمەد فەتلاوی کە وەک نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بوو، جەختی لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆکان کردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی حکوومەتی خۆجێیی کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.

فەتلاوی دووپاتی کردەوە: هەموو لایەنەکان ڕژدن لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئامادەبوونی هەمووانیش نیشانەی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەیە و دووپاتیشی کردەوە: حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەتلاوی کە لەمیانی کۆبوونەوەی شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئامادەی بوو لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هیوای خواست لایەنەکان پابەندی ماوەی یاسایی بن بۆ یەکلایی کردنەوەی دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک.

Fly Erbil Advertisment