لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دوو کچ لە بەغدا خۆیان کوشت

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو مێرد منداڵ لە دوو گەڕەکی جیاواز لە بەغدا خۆیان کوشت.
سەرچاوەکە ئەمنییەکە بە مێدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە لەڕووداوێکی خۆکوشتن دەکەن لە ناوچەی بەلەدیات لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، کە کچێکی لە دایکبووی 2008، لە ژوورەکەی خۆی بە پارچە قوماشێکی "شاڵ" خۆی خنکاندووە، بەگوێرەی دەنگۆکان نەخۆشیی دەروونی هەبووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، کچێکی دیکە لە دایکبووی 2005ـە و قوتابی بووە، لەناوچەی عامرییە لە ڕۆژئاوای بەغدا، بەهەمان شێوە بە شاڵ خۆی بە پانکەی ماڵەکەی هەڵواسیووە و مردووە، دەشڵێت، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ هەردوو ڕووداوەکە کردووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕێژەی خۆكوشتن لە عێراق زیادی کردووە کە لەماوەی یەك مانگی ڕابردوودا تەنیا لە بەغدا 25 كەس خۆیان كوشتووە، دووانییان قوتابی قۆناغی ئامادەیین، لەگەڵ ئەفسەرێكی ئاسایش و كچێك، کە شارەزایان هەژاری، بێكاریی و بێهیوایی بەهۆی ئەو خۆکوشتنانە دەزانن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا 25 حاڵەتی خۆكوشتن لە بەغدا تۆمار كراون. پزیشکان و شارەزایان پێیان وایە، پەنابردن بۆ خۆكوشتن لە نێو گەنجان چەند هۆیەكی لە پشتەوەیە لەوانە کێشەی جۆراوجۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی، دیارترینیان هەژاری، بێكاری، نەبوونی هیوا بە گۆڕان بەرەو باشتر.
لەلایەکی دیکەوە ھودا عیزەدین، توێژەری کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند، گومانی تێدا نییە هۆی گشتی هەیە کە پەیوەندی بە قەیرانی ئابووری و بێکاری و شتی دیکەوە هەیە، بەڵام هۆی تایبەتیش هەیە، هەندێکیان پەیوەستن بە حاڵەتەکانی گرووپی ڕەشگیریی ئۆنلاین، کە هەندێک جار کچان و تەنانەت کوڕانیش هاندەدات بۆ خۆکوشتن، جگە لەوەش هۆی دیکەی پەیوەست بە لاوازی فەرهەنگی پاڵنەرە ئایینییەکان، ھەن.