داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق ڕاگەیەندرا

وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد؛ نزیکەی سەدا 88.5ـی نەوتییە و تەنها سەدا 11.5ـی نانەوتییە.
یەکشەممە، 14-07-2024، وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا داهاتی پێنج مانگی ساڵی 2024ـی عێراقی (نەوتی و نانەوتی) ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، کۆی گشتیی داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق، 54 تریلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەو بڕە پارەیە، 48 تریلیۆن و 455 ملیار و 60 ملیۆن و 171 هەزار دینار، داهاتی نەوتی بووە کە دەکاتە سەدا 88.5ـی کۆی گشتیی داهاتی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق.
لەبارەی داهاتی نانەوتیش، وەزارەتەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو، شەش تریلیۆن و 788 ملیار و 431 ملیۆن و 731 هەزار دینار داهاتی نانەوتیی پێنج مانگی ئەمساڵی عێراق بووە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 11.5 لە کۆی گشتیی داهاتیی وڵات.
ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە ساڵی 2023ـدا، عێراق ملیارێک و 232 ملیۆن و 170 هەزار و 126 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە؛ واتا لەو ساڵەدا، عێراق بە تێكڕا مانگانە 102 ملیۆن و 680 هەزار و 843 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێكڕا دەکاتە سێ ملیۆن و 422 هەزار بەرمیل نەوت.
بە گوێرەی ئامارەکان، داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە 2023ـدا گەیشتووەتە 87 ملیار و 612 ملیۆن و 295 هەزار و 178 دۆلار، کە لەسەر ئاستی مانگانە بە تێكڕا دەکاتە حەوت ملیار و 301 ملیۆن و 24 هەزار دۆلار، لەسەر ئاستی ڕۆژانەش دەکاتە 240 ملیۆن و 33 هەزار و 685 دۆلار.