کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر پاڵپشتیی خۆی بۆ سیستەمی دارایی دیجیتاڵی دووپات دەکاتەوە

لۆگۆی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر
لۆگۆی کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر پاڵپشتیی خۆی بۆ سیستەمی دارایی دیجیتاڵی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، پارەدان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی پڕۆسەیەکی سەلامەتترە.

ڕۆژی یەکشەممە، 14-07-2024، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ سیستەمی دارایی دیجیتاڵی دووپات کردەوە و بە هاووڵاتییانی ڕاگەیاند، "پارەدان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی پڕۆسەیەکی سەلامەتترە و لە ڕێیەوە دەستت دەگات بە دۆلاری ئەمریکی و بە نرخە فەرمیەکەی مامەڵەی پێەوە دەکرێت کاتێک لە کاتی گەشتکردنتدا لە دەرەوە بەکاری دەهێنیت".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سیستمی دارایی دیجیتاڵی دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە  "خزمەتگوزارییە فەرمیە بانکیەکانی وەک قەرز، بیمە، پارەدان و پارە پاشەکەوتکردن؛  ئەگەری کەمتری ونکردن و دزین و تاوانی دارایی و چەنالی زیاتر بۆ وەبەرهێنان".

کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر جەختی لە پاڵپشتیی بەردەوامیی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمپانیا ئەمەریکیەکان بۆ "ڕەخساندنی سیستەمێکی دارایی کە هەمووان دەستیان پێڕابگات" کردووەتەوە و هانی هەمووان دەدات "لەڕێی چەناڵە فەرمیە بانکیەکانەوە مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن".

ئەمە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە دەستپێکی دەستبەکاربوونییەوە هەنگاوی باشی بڕیوە، کە یەکێک بووە لە هێڵە سەرەکییەکانی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش دیدگایەکی سەرەکی تاوەکو ساڵی 2025 داڕشتووە، کە ئامانجییەتی تا کۆتایی ئەو ساڵە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە حکومەتە دیجیتاڵییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو.

لەو چوارچێوەیەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "هەژماری من"ـی ڕاگەیاندووە بە مەبەستی بەرەوپێشبرنی کەرتی بانکی و گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. 

به‌پێی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.

Fly Erbil Advertisment