کۆمیسیۆن: سبەی دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان

K24 – هەولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: سبەی دووشەممە لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی، ماوەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.
ڕۆژی یەکشەممە (14ـی تەمموزی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: سبەی دووشەممە (15ـی تەمموزی 2024) لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمی، ماوەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانییەکان و پارتە سیاسییەکان و کاندیدای تاک و پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.
ڕۆژی (3ـی تەمموزی 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردووە؛ لە (4 تاوەکوو 15ـی تەمموزی 2024)، قۆناغی وەرگرتنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانی، پارتە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی پێکهاتەکان بەردەوام دەبێت کە خواستی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە.
پێشتریش جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی سێ ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئەو دەنگدەرانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، تەنیا دوو ملیۆن و 901 هەزار و 80 دەنگدەرن.
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەو ژمارەیەدا دوو ملیۆن و 672 هەزار و 43 کەس لە دەنگدانی گشتی و 239 هەزار و 37 کەسیش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
لە 26ـی حوزەیرانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی هەرێمیی دەرکرد، بەپێی فەرمانەکە ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.