کامیل محەممەد: حکوومەتی هەرێم دەرفەتی کاری بۆ گەنجەکان ڕەخساندووە

عەمید کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر
عەمید کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر

بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم زەمینەی ڕەخساندووە بۆ گەنجەکانی کوردستان و دەبێت زۆرترین دەرفەتی کار بۆ ئەوان بێت.

دووشەممە، 15ـی تەمموزی 2024، عەمید کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێوشوێنەکانی ئێمە لە دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە 172ـی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی نشینگە ڕەچاوی ڕێژەی دەستی کاری ناوخۆیی بکات.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکە لیژنەیەکی باڵا  پێک هێنرا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. هەروەها مانەوەی بیانییەکان بە شێوەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراو نییە، ئەوانەشی لێرەن پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی دەستەبەر کرابن و سپۆنسەرەکەیان و کاتی کارکردنیان دیار بێت. ساڵانە پابەند دەکرێن کە پەراوەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی باج و کۆمپانیاکان نوێ بکەنەوە. لەگەڵ هەبوونی مەرجی تەندروستی کە کەسی بیانی پشکنینی بۆ دەکرێت و بەپێی ڕێنماییەکانی تەندروستی، ئەو کەسە ڕێکاری تایبەتی لێ وەردەگیرێت".

کامیل محەممەد دەشڵێت: "ئەو ڕێکارانەی کە دانراوە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئەوەیە کە دەرفەتی کار زیاتر بۆ گەنجەکانی هەرێمی کوردستان برەخسێت، بەڵام بە پێی ئەو داتا و ئامارانەی لای ئێمە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە لە کوردستان هەیە، دەرفەتی کار زۆرە، بۆیە حکوومەتی هەرێم زەمینەی ڕەخساندووە بۆ گەنجەکانی کوردستان و دەبێت زۆرترین دەرفەتی کار بۆ ئەوان بێت".

Fly Erbil Advertisment