عەلی ڕەشید: بەشێک لە زیانمەندانی بازاڕی قەیسەری سکاڵایان تۆمار کردووە

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، 184 کەس کە خاوەن دووکان و کۆگان لە بازاڕی قەیسەری و بەهۆی سووتانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشتووە، دەشڵێت: هەموو ئەوانەی زیانمەند بوون دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.

عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، 184 کەس کە خاوەن دووکان و کۆگان لەبازاڕی قەیسەری و بەهۆی سووتانی بازاڕەکە زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها ژمارەیەکیان سکاڵایان تۆمار کردووە، هەروەها ڕۆژانە ڕێژەی سکاڵاکاران زیاد دەبێت.

گوتیشی: لەسەر ئەو بابەتە داواکاریی گشتیی لەسەر هێڵە، کاتێک پەڕاوەکان تەواو بوو ئاڕاستەی بەغدای دەکەن، بەغداش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هەمووی ببێتە یەک پەڕاو، بەگشتیی کاری لەسەر بکرێت.

عەلی ڕەشید، باسی لەوەش کرد، دوای تەواوکردنی پەڕاوەکان، دادگای هەولێر بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدات، بەڵام هەماهەنگییش لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر دۆسیەکە، چونکە ئەو تاوانبارانە لەکەرکووکیش هەمان کاری تیرۆریستییان کردووە، لەبەر ئەوە دەبێتە یەک پاکێج و کاری لەسەر دەکرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێ: هەموو ئەوانەی زیانمەند بوون دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، کە ناوی خۆیان و بڕی زیانەکەی گوتەکانیان تۆمار دەکرێت و دوای لێکۆڵینەوە دەبرێتە بەردەم دادگا.

ڕۆژی (1ـی تەمموزی 2024) هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە بەغدا، ئاشکرایان کرد دەستێک لەپشت ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکان بووە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیشیان ڕاگەیاند.

لە پرۆسەیەکی وردی هەواڵگری نێوان هەولێر و بەغدا، کە دامودەزگاکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە هەماهەنگییەکی تەواودا بوون لەژێر ڕاسپاردە و سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، بۆ ئەوەی هۆکاری ئەو هەموو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە گوماناوییانە ئاشکرا بکرێن.

لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.

هەروەها هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توانرا دەستمان بگات بە تۆڕێکی تاوانکاری کە لە ماوەی ڕابردوو زیانێکی زۆریان بەهاووڵاتییانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە گەیاندووە کە ئامانجەکەی لێدانە لە ئابووریی هاووڵاتییان، توڕەکردنی خەڵک و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان و حکوومەت تێک بدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (6ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی دوای ڕووداوی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بوو، سەردانی بازاڕەکەی کرد و چاوی بە زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە کەوت و جەختی کردەوە لەسەر ڕاسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەر  دەستێکی خراپکاری لە پشتەوەی ڕووداوەکەیە، بە سزای یاسایی بگەیەنرێت و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی.

ئەو بازاڕانەی سووتێندران

بەرەبەیانی ڕۆژی (1ـی نیسانی 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی چەلێی پارێزگای دهۆک کەوتەوە و بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک، زیان بە 160 دووکان و 20 کۆگا کەوت کە وەک ئامادەکاری بۆ جەژنی ڕەمەزان، دووکانداران کەلوپەلێکی زۆریان هێنابوو.

لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولیر کەوتەوە، ڕووداوی یەکەم لە (27ـی شوباتی 2024) بوو،  بەهۆیەوە 166 دووکان سووتان. بۆ جاری دووەمیش لە (8ـی نیسانی 2024) ئاگر لە سێ کۆڵانی بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 50 دووکان سووتان.

ئێوارەی (5ـی ئایاری 2024) ئاگر لە بەشە مێژوویی و شوێنەوارییەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە 228 دووکان و حەوت کۆگا سووتان و زیانێکی زۆر بە کاسبکاران و بازاڕەکەش گەیشت، کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان  بە زیاتر لە پێنج ملیار دینار، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کردووە.

تەمەنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر زیاتر لە 200 ساڵە و دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر و بەرامبەر قەڵای دێرینی هەولێر، یەکێکە لە بازاڕە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و ڕووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و هەزاران دووکان و کۆگای بازرگانی لەخۆدەگرێت.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024) ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دووکان و کۆگا سووتان و زیانێکی زۆری ماددی بە کاسبکارانی بازاڕەکە گەیشت.

بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی زیانەکانی ئەو ڕووداوانەی ئاگرکەوتنەوە کە لەلایەن لێژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە، زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بە کاسبکاران و بازاڕەکان گەیشتووە، جگە لەوەی تاوەکوو نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکان چەندین هاووڵاتی و خێزان بێ کار ماونەتەوە، کە بژێوی ژیانیان بە کارکردن لەو بازاڕانە بەندە.

Fly Erbil Advertisment