بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر: تا ئێستە زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر

K24 – هەولێر:

20ـی مانگ دوا مۆڵەتە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و تا ئێستە زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگای هەولێر وەرگیراوە.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: "پشكی پارێزگای هەولێر بۆ وەرگرتنی گەنم 228 هەزار تۆنە  و تا ئێستە زیاتر لە 200 هەزار تۆنمان وەرگرتووە."

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد: ماوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 20 ئەم مانگە كۆتایی دێت. هاوکات داوا لە جووتیاران دەكات ئەوانەی گەنمیان ڕادەست نەكردووە بە زووترین كات سەردانی سایلۆكان بكەن.

ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228  هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.

ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.

باسی لەوەش کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.

Fly Erbil Advertisment