سوید هاوکارییەکانی بۆ عێراق ڕادەگریت

یۆهان فۆرسێل وەزیری هاوکارییەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و بازرگانی دەرەکی سوید
یۆهان فۆرسێل وەزیری هاوکارییەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و بازرگانی دەرەکی سوید

حکوومەتی سوید ڕایگەیاند، ساڵی داهاتوو (2025) بە شێوەیەکی هەنگاو بە هەنگاو هاوکارییەکانی بۆ گەشەپێدانی عێراق ڕادەگرێت، بەڵام پەیوەندییەکانی سوید لەگەڵ عێراق لە کەرتی بازرگانی، ژینگەیی و کۆچ بەردەوام دەبێت.

یۆهان فۆرسێل وەزیری هاوکارییەکانی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و بازرگانی دەرەکی سوید ڕایگەیاند، چەند ساڵێکە حکوومەتی سوید لە چەند بوارێکی مرۆیی و گەشەپێدان هاوکاری عێراق دەکات، بەڵام لە ساڵی داهاتووە بە شێوەیەکی هەنگاو بەهەنگاو کۆتایی بە هاوکارییەکانی دەهێنێت، چونکە دۆخی عێراق گۆڕاوە ئێستا وڵاتێکە لە لایەنی داهاتەوە مامناوەندە و سەرچاوەی باشی هەیە بۆ بژێوی دانیشتوانەکەی.

هەروەها ئاماژەیداوە، پاکێجی هاوکارییەکانی سوید بۆ عێراق ساڵانە نزیکەی 190 ملیۆن کرۆن بووە، کە دەکاتە 18 ملیۆن دۆلار، هەر بە گوتەی فۆرسێل، ساڵی داهاتووش کۆی گشتی هاوکارییەکانی سوید بۆ عێراق 100 ملیۆن دۆلار دەبێت و لە 30 حوزەیرانی 2025 هاوکارییەکان کۆتاییان پێدێت.

یۆهان فۆرسێل ڕاشیگەیاندووە، حکوومەتی سوید گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیاسەتی هاوکارییە دەرەکییەکانی دەکات، هەربۆیە بڕیاریداوە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو کۆتایی بە هاوکارییەکانی بۆ عێراق بهێنێت، چونکە عێراق لە ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی پێنجەمین وڵات دێت کە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوتە و تەنیا ساڵی ڕابردوو (2023)، داهاتی نەوتی وڵاتەکە زیاتر لە 1000 ملیار کرۆنی سویدی بووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی سوید لە 10 ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی 3 ملیار کرۆن کە دەکاتە (284 ملیۆن دۆلار) بۆ بوژانەوە و گەشەپێدان هاوکاری عێراقیان کردووە.

Fly Erbil Advertisment