دیموکراتەکان بەلادانی جۆو بایدن دەیانەوێت فریای خۆیان بکەون

شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی دژی خۆکاندیدکردنەوەی جۆو بایدن دەستیپێکردووە، ئەم جارەیان جیاوازە و جیا لە دەیان کۆنگرێسمان و هەوادارانی بایدن. باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و نانسی پێلۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە، داوا لە بایدن دەکەن پێداچوونەوە بە بڕیاری خۆکاندیدکردنەوەی بکات، چونکە پێیانوایە بەو شێوەیە بەردەوامبێت دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکە دەدۆڕێنن.
بەشێک لە سێناتۆرە دیموکراتەکانیش دەڵێن، کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی لەسەر کات وەستاوە. سەرەڕای ئەم هەموو فشارانە، بەڵام تیمی هەڵمەتی بانگەشەی بایدن دووپاتیدەکەنەوە، بایدن لە کێبڕکێکە بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکاتەوە.
خۆری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا نزیک لە ئاوا بوونە و فشارەکان بۆ کشانەوەی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی چڕکراونەتەوە.
شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی دژی خۆ کاندیدکردنەوەی بایدن دەستیپێکردووە، ئەم جارەیان جیاوازە و جیا لە دەیان کۆنگرێسمان و ناودار و هەواداری بایدن. باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا و نانسی پێلۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە تایبەت داوایان لە بایدن کردووە پێداچوونەوە بە بڕیاری خۆ کاندیدکردنەوەی بکات، چونکە پێیانوایە بەو شێوەیە بەردەوامبێت دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکە دەدۆڕێنن.
ئاژانسی رۆیتەرزیش لەسەر زاری چەند سێناتۆرێکی دیموکرات ئاشکرایکردووە، کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەسەر کات وەستاوە و پێشبینی دەکەن کۆتایی ئەم هەفتەیە جۆو بایدن لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.
سەرەڕای ئەم هەموو فشارانە، بەڵام تیمی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدن دووپاتیدەکاتەوە، بایدن لە کێبڕکیی سەرۆکایەتیی بەردەوام دەبێت و هەفتەی داهاتوو بانگەشە دەستپێدەکاتەوە.
بایدنی تەمەن 81 ساڵ ترسی خستووەتە دڵی دیموکراتەکان و پێیانوایە، ئەگەر پەلە نەکەن و کاندیدێکی دیکە لە جێگەی بایدن دانەنێن لەم هەڵبژاردنە کۆمارییەکان براوە دەبن.
ئەم داوا و فشارە زۆرەی دیموکراتەکانیش لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی لە کێبڕکێکە چەند هۆکارێکی هەیە. لەوانەش، تەمەنی بایدنە کە دوای 15 ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، واتە 20ی تشرینی دووەمی 2024، جۆو بایدن دەبێتە 82 ساڵ، ئەو تەمەنەش بۆ سەرۆکی وڵاتێکی وەک ئەمەریکا زۆرە.
هۆکارێکی دیکەش کێشەی تەندروستیی و زوور لەبیرچوونەوەیە، زۆرجار بایدن ڕەفتاری زۆر سەیر دەکات و بەردەوامیش لە وتارەکانیدا هەڵەی زمانەوانی دەکات.
هەروەها لە کاتی ڕێکردنیش باش ناتوانێت خۆی کۆنترۆڵ بکات. بەتایبەتیش دوای دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا. هۆکارێکی دیکەش توشبوونی بە کۆرۆنا و تێکچوونی تەندروستییەتی، ئەمەش بۆ جاری سێیەمە لە دوو ساڵی ڕابردوو بایدن تووشی کۆرۆنا دەبێت.