ترەمپ: دەبێت شکۆمەندی بۆ ئەمەریکا بگەڕێنینەوە

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەڵێ "جارێکی دیکە وڵاتە مەزنەکە دەگەڕێنینەوە و هەموو ئەو کێشە و گرفتانەشی هەن چارە دەکەین و خەونی ئەمەریکییەکان بەدیدەهێنین".
ترەمپ لەو گوتارەی لە کۆتایی کۆنگرەی پارتی کۆمارییەکان لە میلواکی ویسکۆنسین پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو چارەنوسسازە و داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد بەشداری هەڵبژاردن بکەن. هەرەوها ئیدارەی ئێستای ئەمەریکای بە شکستخواردوو ناوبردوو گوتی: دەبێت وڵات لە دەستی ئەم ئیدارە شکستخواردووە ڕزگار بکەین.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا گوتیشی: هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی زۆر چارەنوسسازە و داوا لە سەرجەم دەنگدەران دەکەم بەشداری هەڵبژاردن بکەن. گرنگە گۆڕانکاری بکرێت، چونکە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا شکستیهێناوە و ڕێژەی باج و قەرزەکان زیادی کردووە، بەڵام بە دڵنیایەوە وڵاتەکەمان لەدەستی ئەو ئیدارە شکستخواردووە ڕزگار دەکەین، چونکە ئەم هەڵاوسانەی هەیە کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
گوتیشی: بەمزووانە دەگەڕێمەوە کۆشکی سپی و هەرگیز ڕێگە بەدابەشبوونی ئەمەریکا نادەم و سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەکان دەبم، نەک نیوەیان.
هەروەها گوتی: شکۆمەندی بۆ ئەمەریکا دەگەڕێنینەوە و دەبێت خاوەنی کۆمەڵگە، ئابووری، ئاسایش و سنوورێکی بەهێز بین، چونکە دیموکراتەکانی سیاسەتێکی هەڵەیان پیادەکردووە و دەبێت ئێمە ڕاستی بکەینەوە.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کۆچ، دۆناڵد ترەمپ گوتی: ئەگەر بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێمەوە ڕێگری لە کۆچبەرانی نایاسایی دەکەم و سنوورەکان دادەخەم و دیواری دیواری سنووری ئەمەریکا و مەکسیک تەواو دەکەم.