وەزارەتی کشتوکاڵ 200 هەزار پەنجە ماسیی خستە بەنداوی دوکان

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، ئەمڕۆ 200 هەزار پەنجە ماسیمان خستە بەنداوی دوکان، ئەمەش لەچوارچێوەی بایەخدامئ حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی تەمموزی 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی ڕاهێنان لە وەزارەت، ئەمساڵ 500 هەزار پەنجە ماسی بەرهەم هێناوە.

گوتیشی: ئێمە ئەمڕۆ سەردانی بەنداوی دوکانمان کرد و 200 هەزار پەنجە ماسیمان خستە ناو بەنداوەکە بەمەبەستی زیادکردنی بەرهەمی ماسی، چونکە ئەمڕۆ خەڵک تەنیا گۆشتی سوور ناخوات، بەڵکو گۆشتی سپیش دەخۆن.

ئاماژەی بەوەش دا "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست کردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان، زیادکردن و پێشخستنی بەرهەمی ماسییە، هیوادارین بەرەکەتدار بێت و بەرهەمی ماسی زیاد بێت، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ داوە".  

Fly Erbil Advertisment