پارێزگاری هەولێر: دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێن

ئەمڕۆ 100 تۆن پەتاتە لە ڕێوڕەسمێکدا هەناردەی ئیمارات کرا، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێن.
دووشەممە 22ـی تەممووزی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە ڕێوڕەسمی هەناردەکردنی 100 تۆن پەتاتە بۆ وڵاتی ئیمارات گوتی: کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە زەمینە و دەرفەتی لەبار بۆ جووتیاران بڕەخسێندرێن بە پشتیوانیکردن لە کار و بەرهەمەکانیان بەرهەمی ناوخۆیی دابین بکەن، هاوکات ببنە هۆکاری ئەوەی بەرهەمەکانیان هەناردەی وڵاتان بکرێت.
ئومێد خۆشناو گوتی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستە پرۆسەکە دەستپێکێکی سادەیە، بەڵام ئامانجێکی گەورەی لە پشتە و پشتیوانییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و کابینەی حکوومەت و تەواوی پێکهاتە و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەهەموو ئاستەکاندا، بووەتە هۆکاری ئەوەی بە گەشبینیەوە لە ئایندە بڕوانین، هاوکات پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە دەرفەتی زیاتر بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و وەبەرهێنانیان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازییان دەدرێت، دەشڵێت: زەمینە سازیی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی هەنار وهەنگوێن و سێو کراو ئێستا زەمینە سازیی بۆ هەناردەکردنی پەتاتە دەکرێت.
ئومێد خۆشناو پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستنی کەرت و سێکتەرەکان دووپات کردەوە، گوتی: دەمانەوێت ببینە کۆمەڵگە و وڵاتێکی بەرهەمهێن، دەشڵێت:دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە لە ئایندەدا کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بەهێزتر و گەشەسەندووتر بێت لە هەموو بوارەکاندا.
هەر لەو بارەوە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بەرووبوومی پەتاتە لە کوردستان لە پێداویستی ناوخۆیی و عێراق زیاترە، بۆیە هەر بەرهەمێک لە پێویستی ناوخۆ زیاتر بێت، بیر لەوە دەکەینەوە بازاڕی بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ جووتیاران، دەشڵێت: ئەوەش یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیژیەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ هەمەچەشنکردنی داهات و زیادکردنی بەرهەم بۆ ئەوەی ببینە وڵاتێکی بەرهەمهێن نەوەک هەر بەکارهێنەر.
دەشڵێت: ئیمارات پێشەنگە لە هاوردەکردنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەوڵی ئەوە دەدەین گرێبەستی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیاکان بکەین و زۆرترین بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان بدۆزینەوە.
ساڵانە زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، ئەمەش وای کردووە پێویستییەکانی ناخۆی پێ پڕ بکرێتەوە.
ئەمڕۆ 100 تۆن پەتاتە لە ڕێوڕەسمێکدا هەناردەی ئیمارات کرا، حاجی سابیر خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، ئەمڕۆ چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 100 تۆن دەبوون، ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات کران، ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی 15 بۆ 20دا ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاوەکوو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. حاجی سابیر خۆشناو گوتی، لە پلانیاندایە، ئەمساڵ پتر لە 25 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکەن.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن؛ بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا"، کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
حاجی سابیر خۆشناو سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیریی بەردەوامیان لە کەرتی کشتوکاڵ بە شێوەیەکی گشتی.