حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دووپات دەکاتەوە

شاندی دانووستنکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت گفتوگۆکانیان بەردەوامە بە ئامانجی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندن بە شەراکەتی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت، هاوکات ڕژدیی هەولێری نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ڕژدیی خۆی دووپات کردووەتەوە بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەدوایین کۆبوونەوەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت، کۆمپانیاکان ئێستا ئامادەن لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو بابەتێک گفتوگۆ بکەن، ئەمەش بەڕای شارەزایەکی بواری وزە هەنگاوێکی ئەرێنیە.
گۆڤەند شێروانی پسپۆری ژینگە دەڵێت: لە دوا بەیاننامەی کۆمپانیاکان جۆرە ئاماژەیەک هەبوو کە ئەوان ئامادەن نەرمی بنوێنن، هاوکات ئاماژەن بۆ ئەوەی باسی هەموو شتێک بکەن، ئەوەش ناڕاستەخۆ دەیانەوێت باس لە گرێبەستەکانیش بکەن.
دەڵێت: ئێمە دەزانین کێشەی سەرەکی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لایەنی یاسایییە کە پەیوەستە بە گرێبەستەکان و بەغدا دانی پێدانانێت، ئەوەی دیکەش لایەنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانە، ئەو شایستە داراییەی بۆ کۆمپانیاکان داندراوە زۆر کەمترە لەو رێژەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دایناوە.
ساڵێک زیاترە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، گرفتی سەرەکی بەردەم پرۆسەکە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانە، ئەو بڕەی بەغدا بۆی دیاریکردوون، تا ئێستا کۆمپانیاکانی ڕازی نەکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە دواخستنی زیاتری پرۆسەکە، زیانی بە ئابووری عێراقیش گەیاندووە، بەشێکی دیکەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق.
کۆسرەت میران بەگ پسپۆری یاسایش ئاماژە بەوە دەکات، لەماددەی111 ئاماژە بەوە کراوە کە نەوت و گاز سامانی گشتی هەموو خەڵکی عێراقە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ کاتێک ئەو بابەتەی ڕەت نەکردووەتەوە، هەمیشە پێی وایە کە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بچێتەوە نێو گەنجینەی عێراقی، بەو مەرجەی لە بوودجەی عێراقیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت کە حکوومەتی عێراقی ئامادە نییە.
ئەو پسپۆرە دەڵێت: سەرباریی ئەو تەگەرانە، حکوومەتی عێراقی خاوەنی یاسایەکی تایبەتی نەوت و گاز نییە، ئەو یاسایانەی هەن هی ساڵی 2005 ەن کە بە عەقڵیەتێکی تەواو ناوەندیی داڕێژراون.
لەماوەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپنیا نەوتییەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆی دیکە، بەڵام تا ئێستا بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەڵنەگیراوە.