پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: سوودانی پێداچوونەوە بە شێوازی کۆتاییهاتن و گۆڕانی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات

K24 – واشنتن:
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن: ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ واشنتن پشتڕاستی کردەوە پێداچوونەوە بە کات و شێوازی کۆتاییهاتن و گۆڕانی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات.
سێشەممە 23ـی تەمووزی 2024، پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـدا، گوتی: ئەرکی بنەڕەتی شاندی باڵای سەربازی چاودێریکردنی هەڕەشەکانی داعش و توانای هێزی ئاسایشی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی: سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ واشنتن پشتڕاستی کردەوە پێداچوونەوە بە کات و شێوازی کۆتاییهاتن و گۆڕانی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات بە شێوەیەکی گونجاو بۆ دڵنیابوون لە درێژەدان بە هاوبەشیی ئاسایشی دووقۆڵی.
13ی نیسانـی 2024 سوودانی، لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت، شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەریی بوون
هەروەها سوودانی بەر لە بەڕێ کەوتنی لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاران و ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لە پیاوانی بازرگان و پیشەسازیی یاوەری دەکەن، دیدارەکانیان یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش هەماهەنگیی دەبێت، بە ئامانجی کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە بوارەکانی وزە، دارایی و بانک، گواستنەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری.