بێگەرد تاڵەبانی: لە ئەمەریکاین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوھەوا و وەبەرھێنان لە بواری كشتوكاڵدا

K24 – واشنتن:
شاندێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ئەمریكان و بڕیارە چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ناوەند فەرمییەكانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدەن و بێگەرد تاڵەبانیش ڕایگەیاند: لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا باس لە گۆڕانكارییەكانی كەشوھەوا و وەبەرھێنان لە بواری كشتوكاڵدا دەکەن.
ڕۆژی 23ـی تەمموزی 2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە لێدوانێكیدا بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئامانجیانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا باس لە گۆڕانكارییەكانی كەشوھەوا و وەبەرھێنان لە بواری كشتوكاڵ و ھاوكارییەكانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە كۆمەككردنی ئافرەتان بۆ ئەوەی پشتیوانیان بكەین چ ئەوانەی گوندنشینن یان ئەوانەی زانكۆ و پەیمانگەیان تەواوكردووە و تا ئێستا خاوەن كاری خۆیان نین.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەیان بۆ ئەمەریکا پاڵپشتی کردنی ئافرەتانە لە کایەی سیاسیی و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا چەند دیدارێکی گرنگیان ئەنجامداوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنگە لەو پرسە، گفتوگۆی جددی دەکەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەمەریکا.
بێگەرد تاڵەبانی ئاشکراشی کرد، لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێکهێنانی کۆمەڵەی هەرەوەزی ئافرەتانن و لەوبارەیەشەوە باسی لەوەکرد لە ئەمەریکا لە هەوڵی پشتیوانی دارایین بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەکی ئافرەتانی هەرێمی کوردستان بکەن کە نەیانتوانیوە لە کەرتی گشتی دەرفەتی دامەزراندنیان نەبووە و هەوڵ دەدەن لە کەرتی تایبەت لە بواری کشتوکاڵدا ببنە خاوەن کاری خۆیان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، کابینەی نۆیەم هەنگاوی گەورەی ناوە لە بواری بەشداری ئافرەتان لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان و لە وەزارەتەکەی خۆشیانەوە، هەوڵی یەکسانی جێندەرییان لەنێوان پیاوان و ئافرەتان داوە، کە ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەکە و کاریشی بۆ کردووە.