لە بەغدا، هاووڵاتییانی کورد خاوەنی ژمارەیەکی زۆری خواردنگە و براندن

شاری بەغدا
شاری بەغدا

بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردی بەغدا خاوەنی براندی بازرگانی و چێشتخانە و دووکانی جلوبەرگی ناسراون. کوردەکانی بەغدا، ساڵانێکی زۆرە لەم شارە کار دەکەن و بەهۆی سەرکەوتووییان لە کار و پیشەکانیان، ناوبانگی زۆریان پەیدا کردووە.

بەشێکی زۆری پیشە و براندە بازرگانییەکانی شاری بەغدا، هی دانیشتووانی کوردی ئەم پارێزگایەن. یەکێک لەو نموونانەش "کەباب ئەربیل"ـە لە ناوچەی سەدر، کە ساڵانێکی دوورودرێژە لە بەغدا کراوەتەوە وەک خاوەنە کوردەکەی عومەر باسی دەکات "میوانەکانی ئەم کەبابخانە خەڵکی سەرجەم ناوچەکانی عێراق و تەنانەت وڵاتانی کەنداویشن".

عومەر ئەحمەد، خاوەنی کەبابخانەکە دەڵێت "نزیکەی 30 ساڵە ئەم خواردنگەیە هەیە، ئێمە لە باوکمانەوە فێری قەسابی بووین دواتریش ڕوومان کردە کاری خواردنگە. وەک دەزانن، کەباب خواردنێکی بەناوبانگە لە عێراقدا و هەندێک کەس وەک پیشەی کوردەکان ناوی دەبەن. لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە کوردێکی زۆر هاتنە ئەم شارە. میوانمان لە سەرجەم شوێنەکانەوە دێن تەنانەت ئەوروپیەکان و خەڵکی کەنداویش".

لێرەش کوردێکی دیکە هەیە بە هەمان ناو، واتە عومەر، ئەمیش زۆر ناسراوە و لە بواری فرۆشتنی کەلوپەلی پیاوان کار دەکات لە ساڵانی 90ـەوە  تا ئێستا.

عومەر عەبدولڕەحمان، خاوەنی دووکانی جلفرۆشی، دەڵێت "لێرە لە ساڵی 1991وە دووکانی جلوبەرگمان هەیە لە ناوچەی سەعدون. ئێمە نەک تەنها لە بەغدا بەڵکوو لە پارێزگاکانی دیکەش، تەنانەت لە هەولێر و بەسرە و نەجەفیش لقمان هەیە؛ وەک فرۆشیاری کورد ناسراوین و کڕیاری زۆرمان هەیە".

وەک ئاشکرایە بەغدا ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدایە، تەنانەت لە بەشیک لەگەڕەکەکان زۆرینەن، کوردەکان لە کار و پیشەکاندا دەستڕەنگین و لە بەغدا دەنگیان داوەتەوە.

Fly Erbil Advertisment