ئەڵمانیا کۆمەڵەیەکی ئیسلامی داخست

حکوومەتی ئەڵمانیا، بە گومانی پشتیوانی لە حزبوڵڵایی لوبنان و پەیوەندیی هەبوون لەگەڵ ئێران، ناوەندی کۆمەڵەی ئیسلامیی هامبورگی داخست.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەممووزی 2024، بڵاویکردووەتەوە، دوای چەند مانگێک لە لێکۆڵینەوە و چاودێری دەرکەوتووە ئەو کۆمەڵەیە کە پێشتر خۆی وەک کۆمەڵەیە ئایینی دوور لە مەبەستی سیاسیی ناساندبوو، چالاکییەکانی تەواو پێچەوانەی ئەوە بووە کە بانگەشەی بۆ کردووە.
وەزارەتەکە ئاماژەیداوە، ناوەندی کۆمەڵەی ئیسلامیی هامبورگ و هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بەو کۆمەڵەی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا داخستووە، چونکە ڕێکخراوێکی ئیسلامیی توندڕەوە و ئامانجەکانی پێچەوانەی یاسا و دەستوورە.
هەروەها ئەو کۆمەڵە ئیسلامییەی تۆمەتبار کردووە کە نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات و تۆمەتبارە بە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تاران بە شێوازێکی دوژمنکارانە و توندڕەوانە، هاوکات هەوڵی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و ئایینی دەدات، لە جێگەی دیموکراسی، جیا لەمانەش پشتیوانی لە ڕەهەندێکی سەربازی و سیاسیی ڕێکخراوەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنانی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لێکۆڵەرەوانی یاسایی و پۆلیس لە سەرتاسەری ئەڵمانیا هەڵیانکوتایە سەر 53 شوێن کە سەر بەو کۆمەڵە ئیسلامییە بوون، لە نێویاند چوار مزگەوتی شیعە مەزهەبەکان هەن و هەر هەموویان داخراون.