ئێران درۆن و سیستەمی بەرگری بە ئەرمینیا دەفرۆشێت

گرێبەستێکی نهێنیی فرۆشتنی چەکی ئێرانی بە ئەرمینیا ئاشکرا بووە. بە گوێرەی گرێبەستەکە، تاران بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار درۆن و سیستەمی بەرگری بە ئەرمینیا دەفرۆشێت، ئەمەش حکوومەتی ئازەربایجانی توڕە کردووە.
بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لەم چەند مانگەی دوایەدا، تاران و یەریڤان چەند ڕێککەوتن و گرێبەستێکیان ئیمزا کردووە و هەر بە گوێرەی ڕێککەوتنەکان، ئێران ستافێکی ڕاوێژکاریی سەربازیش ڕەوانەی ئەرمینیا دەکات.
ئەو درۆنانەی بە ئەرمینیا فرۆشراون بریتین لە؛ شاهید 136، شاهید 129، شاهید 197 و درۆنی مەهاجیر هەن لەگەڵ چەند سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی کە لە ناویاندا مووشەکەکانی سێی خورداد، مەجید، 15ی خورداد و ئارمان هەن کە بەهاکەیان 500 ملیۆن دۆلارە.
بە گوێرەی بودجەی گشتیی ساڵی 2024ی ئەرمینیا، بودجەی بەرگریی وڵاتەکە بۆ ئەم ساڵ 1.4 ملیار دۆلارە، واتە ئەو ڕێککەوتن و گرێبەستەی لەگەڵ ئێران کراوە، دەکاتە یەک لەسێی بودجەی وەزارەتەکە.
ئەم ڕێککەوتنەی تاران و یەریڤان نزیکە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی شکانی ئەرمینیا لە جەنگە شەش هەفتەییەکەی لەگەڵ ئازەربایجان، کە دواجار سوپای ئازەربایجان لە ئەیلوولی 2023 سوپای ئەرمینیای ناچارکرد هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ چۆڵ بکات، بەڵام بە ئاشکرابوونی ئەو گرێبەستە نهێنییە، حکوومەتی ئازەربایجان نیگەرانی خۆیی دەربڕیوە.