ناتانیاهۆ : ئیسرائیل و ئەمەریکا پێکەوە دەجەنگن و پێکەوەش سەردەکەون

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ جاری چوارەم لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ڕایگەیاند، شەڕی ئێستەیان دژی حەماس، حزبوڵڵا و حووسییەکان نییە، بەڵکو دژی ئێرانە، چونکە تاران، ئەو گروپانە بۆ لێدان لەبەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنێت.

ناتانیاهۆ گووتیشی، دەبێت حەماس چەک بکرێت و غەززە لە لایەن دەسەڵاتی مەدەنییەوە بەڕێوە ببرێت.

لەدەرەوە دروشمی دژ بەرزکرایەوە و لەناوەوە چەپڵەڕێزان کرا، ئەمە دۆخی پێشکەشکردنی چوارەمین گوتاری بینیامین ناتانیاهۆ بوو لە کۆنگرێسی ئەمەریکا.

بنیامین ناتانیاهۆ، دوای نۆ ساڵ، جارێکی دیکە لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا قسەی کرد، سەرەتا بەهێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی دەرەوەی باڵەخانی کۆنگرێس دەستی پێ کرد و گووتی "ئەوانە بەشێوەی نەزانانە بوونەتە داردەست و بووکەڵەی ئێران". ناتانیاهۆ کە کۆنگرێسمانەکان زوو زوو هەڵدەستانەوە و چەپڵەیان بۆ لێ دەدا، گوتی: ئیسرائیل و ئەمەریکا پێکەوە شەڕی لق و پۆپەکانی ئێران دەکەن و پێکەوەش سەرکەوتوو دەبن.

گوتیشی: بەشێک لە خەڵکی کە خۆیان بەپشتیوانی غەززە دەزانن و خۆپیشاندان دەکەن، بە نەزانی لەلایەن ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن و بوونەتە بووکەڵە. هەروەها دروشمی دژە جوو بەرز دەکەنەوە. دڵخۆشم زۆرینەی ئەمەریکییەکان نەکەوتوونەتە داوی پروپاگەندەی حەماس. ئێمە شەڕی حەماس، حزبوڵڵا و حووسییەکان دەکەین واتە شەڕی ئێران دەکەین. تاران لە ڕێگەی ئەم گروپانەوە نائارامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە و هێرش دەکاتە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا.

باسی لەوەش کرد "ئێران سەرەتا دەیەوێت شەڕی ئێمە بکات دواتر شەڕی ئەمەریکا. هەربۆیە ئەم شەڕەی ئێمە دەکەین شەڕی ئەمەریکایە، پێکەوە دەجەنگین و پێکەوە سەردەکەوین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی دادگەی دادی نێودەوڵەتی دایەوە و گوتی: ئیسرائیل هەرگیز منداڵانی غەززەی برسیی نەکردووە، بەڵکو تا ئێستە ڕێگەی داوە نیو ملیۆن تۆن خواردن بگاتە غەززە، بەڵام حەماس ئەو خواردنە دەدزێت.

ناتانیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە "بەهۆی گرتنەبەری ڕێکاری پاراستنی سڤیلەکانەوە، لە ئۆپراسیۆنەکانمان بۆ سەر رەفەح پێچەوانەی پێشبینییەکان تەنها یەک کەس کوژرا".

لەمیانی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆی لە باسکردنی پرۆسەی گفتوگۆ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بوارد و تەنها هێندەی گووت، مەرجی وەستاندنی شەڕ، چەکدانانی حەماس و چۆڵکردنی غەززەیە.

ڕاشیگەیاند "حەماس دەتوانێت سبەینێ بەدانانی چەک کۆتایی بەشەڕی غەززە بهێنێت، ئیسرائیل مافی خۆیەتی داوا بکات غەززە بەڕێوەبەرایەتییەکی مەدەنی هەبێت و چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆسەرمان".

هەرچەندە نزیکەی 80 کۆنگرێس مان بایکۆتی گوتارەکەی ناتانیاهۆیان کرد، بەڵام ناوبراو لەماوەی 53 خولەک قسەکردندا 81 جار چەپڵەی بۆ لێ درا، پێشتریش بەم ڕێژەیە لەکۆنگرێس چەپڵە بۆ هیچ سەرکردەیەکی بیانی لێ نەدراوە.

Fly Erbil Advertisment