بەهۆی گەرماوە؛ حکوومەتی ئێران دەوامی فەرمانبەرانی کەم کردەوە

شەپۆلێکی گەرما ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە
شەپۆلێکی گەرما ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە

K24 – هەولێر:

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پاراستنی هاووڵاتییان، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی لە هەموو دامودەزگا حکوومییەکان و بانکەکان لە سەرتاسەری وڵاتەکەی دەرکرد.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە: حکوومەتی وڵاتەکەیان بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران لە کاتژمێر 6:00 تاوەکوو 10ـی بەیانی بێت جگەلە خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان.

بەپێی ئامارەکانی کەشناسیی ئەو وڵاتە، پلەکانی گەرمی لە ناوچەکانی باشووری ئێران گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، هاوکات پێشبینی کردووە، سبەی شەممە پلەی گەرمی لە تارانی پایتەخت بگاتە 42 پلەی سیلیزی.

هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما ڕێژەیەکی زۆر وزەی کارەبا بەکاردەهێنرێت و تەنیا لە 24ـی تەمموزی 2024، لە سەرتاسەری ئێران،  79,189مێگاوات کارەبا بەکارهێندراوە.

لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای تافانیری دابەشکردنی کارەبا، داوای لە حکوومەت کردووە، ڕۆژی 27ـی تەمموزی 2024 لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بکاتە پشووی فەرمی، بۆ ئەوەی بتوانێت کارەبا بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین بکەن.

هاوکات مستەفا رەجەبی مەشهەدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەچاو ساڵی ڕابردوو بە دوو پلەی سیلیزی، وایکردووە هاوبەشانیان کارەبای زیاتر بەکاربهێنن.

Fly Erbil Advertisment