کەریم سلێمان: هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی زیان بە بەرهەمی ناوخۆ و جووتیاران دەگەینێت

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێگە بە هاوردەکردنی هەندێک بەرهەم دەدات، کە کاریگەری خراپی لەسەر بەرهەمی ناوخۆ و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرجاوەکانی ئاو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "خشتەی کشتوکاڵی، خشتەیەکە کە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کشتوکاڵی فیدراڵی ڕێککەوتنیان تێیدا هەیە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە بەرهەمێک قەدەغە دەکرێت یان ڕێگە بەهاوردەکردنی بەرهەمێک دەدرێت دەبێت بەهاوبەشی بێت لە نێوان هەردوولادا".

گوتیشی: بەداخەوە هەندێک جار وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕێگە بە هاوردەکردنی هەندێک بەرهەم دەدات، کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمی ناوخۆ دەبێت، زیانی گەورەش بەجووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە زۆرجار هەوڵی باش بوونی هەماهەنگییەکان دەدەین بەڵام ئەوان ئاسانکاری ناکەن، ئێمە جارێکی دیکەش پێمان گوتن بۆچی ڕێگەتان داوە پێنج بەرهەم هاوردە بکرێت؟ گوتیان ئێستا کاتی عاشوورا و چلەی ئیمام حوسێنە، لەبەر ئەوە زیارەتکاری زۆر دێنە عێراق، لەبەر ئەوە ڕێگامان داوە "خیار، تەماتە، پیاز و شوتی" هاوردە بکرێت".

باسی لەوەش کرد "ئەگەر ئەوان هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هەبووایە، ئێمە بۆمان ڕوون دەکردنەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی زۆر باشمان هەیە، ڕەنگە بتوانین پێداویستی بازاڕی خواروو و ناوەڕاست پڕبکەینەوە".

 

Fly Erbil Advertisment