هیندستان.. لە ئەنجامی ڕۆچوونی زەوی دەیان کەس بوونە قوربانی

وەزیری تەندروستی هیندستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی تەمموزی 2024، لەئەنجامی ڕۆچوونی زەوی لانیکەم، 24 کەس گیانیان سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوونە، هەروەها سەدان کەسیش بەهۆی قوڕولیتەوە گیریان خواردووە.

کارەساتەکە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە بارانی بەخوڕ ویلایەتی کیرالای باشووری هیندستانی گرتووەتەوە، ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هەوڵەکانی فریاگوزاری ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە کە بەهۆی داڕمانی پردێکی گەورە لە قەزای وەیناد.

وەزیری تەندروستی ڤینا جۆرج، بە ئاژانسی "پرێس تراست ئۆف هیند"ـی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا 24 تەرم گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان.

جۆرج ئاماژەی بەوەش کرد، "خەڵکێکی زۆر برینداربوون و لە نەخۆشخانەکاندا تیمار دەکرێن"، جەختیشی کردەوە "ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن بەردەوامە".

سوپای هیندستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 200 سەربازیان بۆ هاوکاریی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان و تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەکردووە بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی گیرخواردووان.

سوپا ڕوونی کردەوە "گومان دەکرێت سەدان کەس لە شوێنی ڕووداوەکە گیریان خواردبێت".

Fly Erbil Advertisment